٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعدی پیرە: پارتی و یەکێتی لەسەر ھەبوونی دەستوور کۆکن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ھەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بەردەوامن و سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیش دەڵێ، پارتی و یەکێتی کۆکن لەسەر ھەبوونی دەستوور و ئەگەر لە بڕگەیەکیش بۆچوونی جیاوازیان ھەبێت، مانای ئەوە ناگەیەنێ ناگەنە رێککەوتن.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بۆ بابەتی دەستوور و پڕۆژەیەکی گرینگی وەھا، کە ئایندەی کۆمەڵگەیەکی دەستووری و پەرلەمانی پێوە بەندە لە داھاتوودا، رێککەوتن و کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە کاری پەرلەمانیش ئاسانتر دەکات، لەبارەی بڕیاردان لەسەر پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، چونکە رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پرسی پڕۆژەی دەستوور، ئەوەندەی تر گرینگی بە دەستووری ھەرێمی کوردستان دەدات.

لەبارەی بۆچوونی یەکێتی و پارتی لەسەر دەستوور، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی دەڵێت، پارتی و یەکێتی لەسەر ھەبوونی دەستووری ھەرێم کۆکن، بەڵام لەوانەیە لەسەر ھەندێ بڕگە جیاوازییان ھەبێت، وەلێ ئەو جیاوازییە ئەوەندە نابێت لەسەر دەستوور.

پیرە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پارتی و یەکێتی چەندین ساڵە پێکەوە حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان دەکەن و رەنگە زۆر جار خیلافیان لەسەر ھەندێ بابەت ھەبێت، کە زۆریش ئاساییە، لەوانەیە لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری کێشەکان بکەن، کە ئەوە ئاساییە و نابێتە کێشە و ئاستەنگ، بەڵام ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێ ناتوانن پێکەوە کار بکەن و پێکەوە رێک بکەون.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار