رۆڵى یەکێتى قوتابیان و لاوانى کوردستان لە شۆڕشى گوڵاندا.

بەشى 2
فریاد بارزانى:بزوتنەوەى قوتابیان و لاوانى کوردستان وەکو هەموو بزوتنەوەیەکى هاوچەشنى خۆى لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنى بزوتنەوەى ئازادیخوازى نەتەوەیى و نیشتمانى سەرى هەڵداو بەرەوپێشەوە چووە
لە 18ى شوباتى ساڵى 1953 لە هەنگاوێکى دیموکراتى و مەدەنیانەدا پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى رابەر و سیمبولى نەتەوەییمان بارزانیى نەمر بڕیارى دروستکردنى رێکخراوەکانى قوتابیان و لاوانى دەرکرد. ئەو دوو رێکخراوە لە مێژووى تێکۆشانیاندا وەک جەمسەرێکى کاراى نێو بزاڤى رزگاریخوازى گەلەکەمان ئەژمار دەکرێن، چونکە رۆڵێکى کارایان لە خەباتى هەمە لایەنى شۆڕشى کوردستاندا گێڕاوە و لە بوارى پێشمەرگایەتى و کۆمەڵایەتى و کەلتورى و خوێندن و پەروەردە و هەستى نەتەوایەتى و تەنانەت لە لایەى راگەیاندن و رۆژنامەڤانى کوردیشدا جێ دەستیان دیارە و قۆناغ بە فۆناغ لە ژێر رۆشنایى و ستراتێژییەتى نەتەوەیى و دیموکراتیانە رێبازى بارزانى دا سەروەرى گەلێکى پڕ دەستکەوت و جێى شانازیان تۆمار کردووە. ئێمەش بۆ هەڵدانەوەى چەندین لاپەڕەیەک لەو مێژووە پڕ بەرهەمەى قوتابیان و لاوان لە بیرەوەرى 60 ساڵەى دامەزراندنى ( یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان) بە پێویستمان زانى لە نزیکەوە دیمانەیەک لە گەڵ بەڕێز(فریاد بارزانى) ئەندامى مەکتەبى گشتى رۆشنبیرى و راگەیاندنى پێشمەرگە و سەرنوسەرى گۆڤارى پێشوى دەنگى پێشمەرگە ساز بدەین، بەڕێزیان یەکێک لە کادرە دێرینەکانى قوتابیان و لاوان و سالانێک ئەندامانى سکرتارییەتى یەکێتى قوتابیان و لاوان بووە، یەکێکە لەو قوتابیە ئاوارەکان بکە چوویتە ویلایەتى ئەمەریکا بۆ خوێندن و لەوێش خزمەتى بەرچاوى هەبووە بۆ دۆزى گەلەکەى و ناساندنى کلتورى نەتەوەکەمان بە گەلانى دونیا و پلە و بەرپرسیارەتى جۆراوجۆرى وەرگرتووە...
• بەڕێزتان یەکێک لە ئەندامانى سەرکردایەتى قوتابیان و لاوان بوویت لە ئاوارەیدا و لە ساڵەکانى 1976 یەکێک لەو قوتابیانە بوویت کە لەگەڵ قوتابى و لاوانى تر چوویتە ویلایەتى ئەمەریکا لەویشدا بزاڤ و چالاکیتان کردووە، رووداوەکانى ئەوکات و هەوڵەکانتان چۆن بوو؟
رژێمى شاى ئێران سیاسەتێکى توندى دژى ئاوارەکان پەیڕەو دەکرد، رۆژانە هەڕەشەى تەسلیم کردنەوەى ئاوارەکانى دەکرد، بە هەموو شێوەیەک دەیانەویست دەنگى کورد کپ بکەن، بارزانیى نەمر بۆ چارەسەرى نەخۆشیەکەى لە ئەمریکا بوو، لەو بارودوخە سەختەدا سەرکردایەتى پارتى بڕیارى دا ژمارەیەک قوتابى و لاو بۆ ئەمریکا بنێرێت، داوا لە رێکخراوێکى خێرخوازى ئەمریکى کرد ژمارەیەک قوتابى و لاو لەو وڵاتە وەربگیرێن، ئەم بڕیارە لە ساڵانى 1976 و 1977 جێبەجێ کرا نزیکەى 800 کەس وەرگیران و ساڵانەش ژمارەکە زیاتر دەبوو، زۆربەى ئەو ئاوارانە قوتابى و لاو بوون، لە ئەمریکاش بە هەمان شێوەى ئێران بەسەر چەندین ویلایەت لە وانە: (تنێسى، فیرجینیا، واشنتون،فلوریدا،کالیفورنیا، ئوهایو،دیترویت مشیگان، داکوتاى ژوورو، داکوتاى خواروو، مینوسوتا، تێکساس) دابەش کران، بەڵام هەر زوو کادیرانى سەرکردایەتى پارتى سەردانى کردین، لە ئەمریکا لقى 7ى پارتى دامەزرا بوو، لە سنوورى هەر ویلایەتێک لێژنەیەکى ناوچە یان رێکخراوێکیان دامەزراند بوو، بەم شێوەیە رێکخستنێکى پتەو لە ئەمریکا دامەزرا.
• لە بارەى رەوەندى کورد لەئەو سەردەمە و رۆڵى شەهیدى هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانى و بەرێز مسعود بارزانى لەوێدا، بەڕێز( فریاد بارزانى) گوتى:
لە مانگى 10ى 1977 بۆ خۆپیشاندانێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى نیویورک بانگهێشت کراین، رەوەندى کوردى ئەمریکا لە هەموو ویلایەتەکان هاتبوون، لە موتێلێکى شارى واشنتون دابەزین بۆ رۆژى دواتر بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا چاومان بە باوکى کورد بارزانیى نەمر کەوت، بە راستى هەموومان گەشاینەوە، تێکڕاى ئەوانەى لە هۆڵەکە بوون نەخۆشى هاتنى بارزانیى نەمر دەستیان بە گریان کرد، بارزانیى نەمر داواى لە ئامادەبووان کرد سوور بن لە سەر مافى رەواى کورد و سەنگەرى کوردایەتى بەرنەدەن و هەوڵبدەن کێشەى رەواى میللەتەکەتان بە کاربەدەستان و گەلانى ئەمریکا بناسێنن، بخوێنن بۆ ئەوەى باشتر بتوانن خزمەت بەگەلە ستەملێکراوەکەتان بکەن.رێزدارجەنابى مسعود بارزانى و محەمەد سەعید دوسکى و موحسین دەزیى یاوەرى بارزانیى نەمر بوون، بەڕێز مسعود بارزانى ئامۆژگارى کردین و داواى کرد قوتابیان ولاوانیش رێکخستنەکانى خۆیان لەئەمریکا دابمەزرێننەوە. بەم شێوەیە زەمینە بۆ دامەزراندنى رێکخستنێک بۆ قوتابیان خۆش کرا، لە ئەوروپا کۆمەڵەى خوێَندکارانى کورد هەبوو، هەر بۆیە پێشنیار کرا ناوى ئەورێکخستنە کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستانى لەئەمریکا و کەندا بێت، لە بەر ئەوە ناوى کورد بەکوردستانى گۆرا چونکەژمارەیەکى زۆر لە برا مەسیحیەکانى کوردستان لەئەمریکا هەبوون.
• لەو سەردەمە چەندین کۆمەڵە و رێکخراو دروست بوون بۆ مافەکانى کودستان و هەروەها لقى 7ى پارتى دیموکراتى کوردستان پاڵپشتى زۆرى ئەو رێکخرا و کۆمەڵانە دەکرد لەم بارەیەوگوتى:
لە یەکەمین کۆنگرەى( کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستان لە ئەمریکا و کەنەدا) بارزانیى نەمر و بەرێز مسعود بارزانى بەشدار بوون، بە راستى رێزدار مسعود بارزانى رۆڵێکى گەورەى هەبوولەهەڵسەنگاندن وپاڵپشتى کردنى دا. لە کۆنگرەى دامەزراندنى دا ئەم هەڤاڵانە هەڵبژێردران.جەمال قاسم سکرتێر، نعمت شەریف کارگێڕ، عەلى حوسێن شالى کارگێڕ. بارەگاى ئەم کۆمەڵەیە لەشارى سانتیاگوى ویلایەتى کالیفورنیا بوو، هەڤاڵ جەمال قاسم کە کەسێکى یاساناس بوو توانى مۆڵەت کارکردن بۆ ئەم کۆمەڵەیە وەربگرێت، لە لایەن حکومەتى ئەمریکا هەر وەکو کۆمەڵەکانى تر رێى پێدراو بوو بە ئازادى کاربکات، خاوەنى پەیڕەو پڕوگرامێکى دیموکراتیانە بوو بە مەبەستى ناساندنى کێشەى کورد و پێگەیاندنى قوتابیانى کوردستان دامەزرا بوو، لقى 7ى پارتى دیموکراتى کوردستان هاوکارو پاڵپشتى بوو لە هەموو بۆنەویادەکانى نەتەوایەتى دا بە شێوەیەکى کارا بەشداردەبوو. پەیوەندییەکى پتەوى لە گەڵ زۆربەى ئەو رێکخراو کۆمەڵانەى لە ئەمریکا کاریان دەکرد دروست کرد بوو، زۆر بەتوندى بەرپرچى پروپاگەندەى دوژمنانى کورد و کوردستانى دەدایەوە، بە بەردەوامى قوتابى هاندەدا بخوێنن و هاوکار بوو بۆ وەرگرتنى ئەو قوتابیانە لە زانکۆکانى ئەمریکادا. لە راستى دا بە هاوکارى ئەم کۆمەڵەیە دەیان قوتابى توانیان بخوێنن و بڕوانامەى بەرز بە دەستبهێنن.لە مانگى حوزەیرانى ساڵى 1980 دا، دووەمین کۆنگرەى خۆى لە شارى ناشفیل ویلایەتى تێنسى بەست، ئەندامانى مەکتەبەى سکرتاریەت بەم شێوە هەڵبژێردان: جەمال قاسم سکرتێر، نعمت شەریف کارگێڕ، عەلى حوسێن شالى کارگێڕ، وریا جاف کارگێڕ. کۆمەڵى خوێندکارانى کوردستانى لە ئەرمریکا و کەندا لەو ویلایەتانەى رەوەندى کوردى لێى دەژیا لقى هەبوو، چەندین بەیاننامە و بانگەواز و بیر خراوەى دەردەکرد، گۆڤارى (کورد) ئۆرگانى کۆمەڵەکە بوو بە زمانى کوردى و ئینگلیزى دەردەچوو، ئەم کۆمەڵەیە رۆڵێکى باش هەبوو لە ناساندنى کێشەى کورد بە گەلانى ئەمریکا، دووەمین کۆمەڵەکە لە ئەمریکا دامەزرا، کۆمەڵەى هونەرە جوانەکانى کوردستان بوو، لە دیدارێکى هونەرمەندى کورد جەمال بەختیار لە گەڵ ڕێزدار مسعود بارزانى باس لەوە کرا، چۆن لاوەکان لە ناو کۆمەڵەیەکەدا کۆبکرێنەوە بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى کاراتر فەرهەنگ و کەلەپورى کوردەوارى بەگەلانى ئەمریکا بناسێنن، هەر لەو دیدارەدا بڕیاردرا کۆمەڵەى (هونەرە جوانەکانى کوردستان) لە ئەمریکا دابمەزرێت، ئەم کۆمەڵەیە لە 22/1/1981 لە ئەمریکا دامەزرا، سەرۆکى ئەم کۆمەڵەیە هونەرمەندى کورد جەمال بەختیار بوو، بارەگاکەى لە شارى ناشفیل پایتەختى ویلایەتى تێنسى بوو، هەڤاڵ جەمال قاسم توانى مۆڵەتى فەرمى بۆ ئەم کۆمەڵەیەش وەربگرێت، لە لایەن حکومەتى ئەمریکا هەر وەکو کۆمەڵە هۆنەریەکانى تر رێپێدرا بوو، بە یەکێک لەو کۆمەلە کۆمەڵایەتیانە دادەنرا کە سوودێکى گشتیان هەیە، خاوەنى پەیڕەوى ناوخۆ و پڕوگرامێکى دیموکراتیانە بوو، بە مەبەستى خزمەت کردنى گەلى کورد و کەلەپور و شارستانیەکەى تێدەکوشا، هەر لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە هەڵساوە بە ئەنجامدانى چالاکى هونەرى و شێوەکارى سەرکەوتووانە لە زۆربەى بۆنە نەتەوەیەکانى کورد دا بەشدار بووە، تیپیى موسێقا و هەڵپەرکێى خۆى هەبوو. ئاهەنگى موسێقا و هەڵپەرکێى فۆلکۆرى کوردى و پێشانگاى هونەرى و شێوەکارى لە زۆربەى ویلاتەکانى ئەمریکادا کردوەوە، چالاکیەکانى کۆمەڵەى هونەرى جوانەکانى کوردستان لەسەر شاشەى تەلەفزیۆنەکانى ئەمریکا پیشان دەدران و جێگاى سەرسووڕمانى جەماوەرى ئەمریکا بوو، لە چەندین ڤیستڤالى ئەمریکى و جیهانى کە ساڵانە پێ هەڵدەستان بەشدار دەبوو بەسەدان لاوى خوێنگەرم و هونەرمەند ئەندامى ئەم کۆمەڵەیە بوون پارتى دیموکراتى کوردستان هەر وەکو ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوایەتى هەمیشە پاڵپشتى ئەم دوو کۆمەڵەیە بوو، پێویستە ئاماژە بەوش بکرێت خێزانى جەمال بەختیار خاتوو سەبیحە رۆڵێکى هەرە پیرۆز و کاریگەرى هەبوو لە چالاکیەکانى کۆمەڵەکەدا.
• ئەو چالاکیانە چى بوون و چەندین بۆنەو یادتان لە ویلایەتى ئەمریکا کردووە بۆ ناساندنى کێشەو مافەکانى کوردستان، بەڕێزیان گوتى:
لە سەرەتاى هەڵگیرساندنى شۆڕشى گوڵاندا بارودۆخى کوردستان زۆر سەخت و دوژوار بوو، هاوکات هەر لەو کاتەدا بارزانی بۆ چارەسەرى نەخۆشیەکەى لە ئەمریکا بوو، بوونى بارزانیى نەمر لە ئەمریکا هاندەرێکى سەرەکى و کاریگەر بوو کە رەوەندى کورد لە ئەمریکا و کەنەدا چالاکى سیاسیان هەبێت و دەنگ و هاوارى کورد و بزاڤە رزگاریخوازییەکەى بەراى گشتى و دەسەڵاتدارانى ئەمریکا بگەێنن شەهیدى هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانى و رێزدار مسعود بارزانى ناو بە ناو بۆ ئەمریکا دەهاتن لە گەڵ رەوەندى کورد کۆدەبوونەوە لە گەڵ کەسانى بەرپرس و ناسراوى ئەمریکا لە کۆنگرێس و سەنا کۆدەبوونەوە بەرنامە بۆ چالاکیەکان دادەنرا چەندین خۆپیشاندان لەبەر دەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆشکى سپى و کۆنگرێس و باڵێوزخانەى رژێمى رووخاوى بەعس و لە زۆر شوێنى تریش ئەنجام دەدران، ئەو بڵاوکرانەوەى لە سەرکردایەتى پارتى رەوانەى دەکردن دووبارە لە لقى 7ى پارتى چاپ دەکرانەوە وبە سەر رەوەندى کورد بڵاودەکرانەوە، چالاکیەکانى کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستانى و کۆمەڵەى هونەرە جوانەکانى کوردستان لە ئەمریکا لە گۆڤارى زاگرۆس و ئۆرگانى لقى 7ى پارتى دیموکراتى کوردستان بڵاو دەکرانەوە، گۆڤارى ئەمڕۆ بە زمانى ئینگلیزى چاپ دەکرا، نامیلکە بۆ ناساندى کورد و کێشەکەى چاپ دەکران، ساڵانە ئاهەنگى نەورۆزمان دەگێڕا، چالاکییەکانمان بە جل وبەرگى رەسەنى کوردیەوە ئەنجام دەدا، لە سەرەتادا ئەمریکیەکان زۆر کەم کوردیان دەناسى، بەڵام بەو چالاکیانەى لە هەر بۆنە و یادێکدا ئەنجام دەدران. گەلى کوردیش هەر وەکو گەلانى ترى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناسرا.
• لە ساڵى 1983 دواى گەڕانەوەتان لە ویلایەتى ئەمەریکا بۆ ئێران چیتان کرد؟
لە ساڵى 1983 بۆ لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان گوازرامەوە، لە گەڵ هەڤاڵان ئەحمەد زەکى و هوشیار زاخۆیى بۆ پتەوکردنى رێکخستنەکانمان بەرنامەیەکى نوێمان داڕشت، وەکو ئۆرگانێک بۆ لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى کوردستان گۆڤارى (هیواى لاوان)مان دەرخست، هەرلەو ساڵەدا لقەکانى سلێمانى و کەرکووک بە شێوەیەکى بەرفراوان کەوتنە جموجۆل و چالاکى نواندن. لە نەورۆزى ساڵى 1984 دا قوتابیانى سەرە ڕم لە قوتابخانە و پەیمانگاکانى زاخۆ و دهۆک و کەرکوک دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و پاشان زانکۆى سەلاحەدینیشى گرتەوە، لە هەمان کاتدا پێشمەرگە قارەمانەکانى بەرەى جود بۆ ناو شاروشاروچکەکانى کوردستان دابەزین رۆڵیکى گرنگیان لە رێکخستنى جەماوەرى راپەڕیوو بینى. هەر لە سەرەتا لە رێکخستنە نهێنیەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان زۆر چالاکانە بەشداریان لەو راپەڕینەدا کرد. کاتێک راپەڕین لە ئارادا بوو شەهید ئیدریسى هەمیشە زیندوو بانگێشتى کردین و فەرمووى: دەبێت بۆ ناوەوەى وڵات بچن و لە گەڵ رێکخراوەکانى ترى جەماوەرى ناو بەرەى جود لێژنەیەک پێکبهێنن بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى رێک و پێکتر سەرکردایەتى بزوتنەوەکەیان و راپەڕینى بەهارى 1984 دا بکەن. نوێنەرانى هەر دوو رێکخراو بە سەرپەرشتى هەڤاڵ عەزەدین بەروارى و نوێنەرانى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان هەڤاڵان فریاد بارزانى و ئەحمەد زکرى، هوشیار زاخۆیی و نوێنەرانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان هەڤاڵ عەبدولسەلام محەمەد و مقداد شاسوارى بوون، بەرەو خواکوڕک بەرێکەوتن. کۆبونەوەى هاوبەش لە 1-3ى حوزەیرانى ساڵى 1984 لە بارەگاى حزبى شیوعى لە لۆلان لە ژێر تۆپ بارانى دوژمندا بەسترا، ئەو رێکخراوانەى بەشدار بوون ئەمانە بوون: یەکێـتى قوتابیانى کوردستان، یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان، یەکێتى سوسیالیستى کوردستان، یەکیتَـى لاوانى دیموکراتى ئێراق، یەکێتى لاوانى دیموکراتى لە کوردستانى ئێراق، یەکێتى قوتابیانى گشتى لە کۆمارى ئێراق، یەکێتى قوتابیانى گشتى لە کوردستانى ئێراق. لە ئەنجامى ئەو کۆبونەوەیەدا لێژنەى باڵاى هاوکارى نێوان قوتابیان و لاوانى کوردستان و ئێراق پێک هێنرا. بەدامەزراندنى ئەم لێژنەیە خەباتى هاوبەش قوتابیان و لاوان بەهێز بوو، ئەم رێکخراوانە بە هاوبەشى چەندین کارى پیرۆزیان ئەنجام دا، سەرکردایەتى لێژنەى هاوکارى بە نۆرە بوو، هەر شەش مانگ جارێک لایەنێک سەرپەرشتى لێژنەکەى دەکرد، بۆ یەکەم جار گۆڤارێکى هاوبەش بە ناوى (دەنگى قوتابیان و لاوان)ى بە چاپ گەیاند. ئەم لێژنەیە هەنگاوێکى داهێنەرانە بوو بۆ خەباتى ئەو سەردەمەى قوتابیان و لاوان کە لە کێوەکانى کوردستان بۆ ناو شاروشاروچکەکانى کوردستاندا دابەزین خۆپیشاندانەکانیش زۆربەى شاروشارۆچکەکانى کوردستانى گرتەوە.
لە ساڵانى 1983 تاکو 1986 رۆژ بە رۆژ رێکخستنەکان لە پەرەسەندا بوون سەرکردایەتى پارتى گرنگیکى زۆرى بەم رێکخراوانە دەدا، هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانى ئەندامێکى کاراى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بوو ئێمەى هاندەداو بە بەردەوامى پشگیرى دەکرێن کە پێویست بوو ئەرکەکانى ئەو قۆناغەش لە ئاست رووداوەکاندا بن، بۆیە لە ساڵى 1985 دا لێژنەیەک پێک هات و سەردانى لقەکانى هەر چوار پارێزگاى کوردستان (هەولێر، دهۆک، کەرکوک، سلێمانى) یان کرد، بەو ئاکامە گەیشتن کۆنفرانسێک بۆ یەکبوونى هەردوو یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان ببەسترێت، بۆ ئەو قۆناغە وا پێویستى دەکرد ئەو دوو یەکێتى یە پێکەوە کاربکەن.نوێنەرانى لقەکان دەستنیشانکران و بەرەو بارەگاى سەرکردایەتى لە راژان بەرێکەوتین، شەهیدى هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانى لە گەڵ نوێنەرانى لقى ئاوارەى قوتابیان و لاوان کۆبووەوە فەرمووى: هەوڵبدەن یەکبگرن، کاروچالاکیەکانتان لە یەکتر نزیک بکەن بەم شێوەیە دەتوانن پەرە بە چالاکیەکانى خۆتان بدەن، دواتر بەرەو خواکورک بۆبەستنى کۆنفرانسى هاوبەش بەرێکەوتین.
تیبنى: لە ژمارەى(4262)ى رۆژنامەى خەبات لە(19/2/2013)بڵاو بوویتەوە.
سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى: ...




