٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دزەیی: هەرێم توانی لە ئەکتەرێکی بێ دەوڵەته‌وه‌ ببێتە یاریکارێکی ئەساسی لە ناوچەکە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- له‌ درێژەی کارو چالاکیه‌کانی لیژنه‌ی ناوچه‌ی له‌نده‌نی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێبنارێك بۆ به‌ڕێز ( سه‌فین دزه‌یی ) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە ژێر ناونیشانی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکانی کوردستان و دیبلۆماسیەتی کوردی ڕێکخرا.

سەفین دزەیی سەرەتا لە پوختەیەکی مێژووییدا باسی لە قۆناخەکانی تایبەت بە لۆبیکردنی کورد لە دەرەوەی کوردستان کرد بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێوەدەوڵەتی بۆ پرس و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لەو سۆنگۆیەشەوە تیشکی خستە سەر خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە دەره‌وەی وڵات کە توانیان سەرکەوتوانە لۆبی بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و شۆڕشەکەی بکەن، هاوکات سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕابکێشن بۆ نەهامەتی گەلی کورد و تاوانەکانی ڕژێمی عیراق دەرهەق بە کوردستان لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و تێکدان و خاپورکردنی ماڵ و سەروەتی هاووڵاتیانی کورد.  هاوکات ئاماژەی بە قۆناخێکی تری گرینگی کاری لۆبیکردن و دیبلۆماسیەتی کوردیدا لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و کۆڕەوە ملیۆنیەکەی گەلی کوردستان لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ڕژێمی عیراق و بە جینۆسایدکردنی گەلی کورد. ووتیشی:" توانیمان بە یەکەوە لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیارکردنەوە لە بەریتانیا ئەنجام بدەین و لە ڕێگای پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەندێك سیاسەتمەدار و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی ئەو ووڵاتە هەڵمەتێکی گەورەی کۆکردنەوەی کۆمەك و پاڵپشتی مرۆییمان دەست پێکرد، کە هاوکات بووە فاکتەرێکی گەیاندنی ڕاستیەکان و دروستکردنی ڕای گشتی لە بەریتانیا و ووڵاتانی ئەوروپا بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە جینۆسایدی سەدام، ئەوەش بوو کەوا دەستپێشخەری دروستکردنی نوای ئارام و ناوچەی دژەفڕین لەسەر دەستپێشخەری بەریتانیا و چەند ووڵاتێکی ترەوە، وە لە ڕێگای بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە ئەو ناوچەیە لە کوردستان جێگیرکرا. ئەوە بۆ یەکەمین جار بوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەیەکەوە بێنە سەر خەت و گەلی کورد بپارێزن."

لە لایەکی ترەوە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کەوا لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق، سیاسەتی سەرکەوتوانە و جەختکردنەوەی بەردەوامی سەرۆك مەسعود بارزانی بوو کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی لە دەستوری هەمیشەیی عیراق چەسپاند، بە تایبەتیش ماددەی ١٤٠ کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ڕێگای ئەو ماددە دەستوریەوە، ووتیشی:

"بە حیکمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیبلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێم کاك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاك مەسرور بارزانی، هه‌رێمی کوردستان توانیویه‌تی په‌یوه‌ندیه‌کی تۆکمە و بەهێز له‌گه‌ڵ ئەمریکا و ئه‌وروپا و جیهانی دەرەوە دروست بکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەیان پێبدات، وە هەرێم توانی لە ئەکتەرێکی بێ دەوڵەت ببێتە یاریکارێکی ئەساسی و بەهێز لە ناوچەکە." جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان لەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت بەمەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پاراستنی پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان.

سەفین دزەیی هاوکات ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی باشی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتانی جیهانیدا لە هەرێمی کوردستان، لە نێویشیاندا کونسوڵخانەی گشتی هەر پێنج ووڵاتە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی و ڕۆڵ و پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و بنیادنانی دامەزراوە دیموکراسیەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئازاد و پێکەوە ژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکان، کە ئەوەش وایکردووە جیهان بە ڕێز و تەقدیرەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و پشتگیری لە پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی هەرێم بکەن. هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمدا لە دەرەوەی ووڵات کە توانیویانە ببنە فاکتەری بەهێزتربوونی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوێکەوە لەگەڵ ئەو ووڵاتانە، ئاماژەشی بەوەدا کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر زیادکردنی ئەو نوێنەرایەتیانە دەکات بۆ ئەوەی لە ووڵاتانی تری کاریگەریش نوێنەرایەتی هاوشێوە بکرێتەوە و پەیوەندیەکان بەهێزتر بکرێن. ووتیشی بە بەردەوامی پێداچوونەوە بە کارەکان دەکەین بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر دروست بکەین و پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە هەموو ڕووەکانەوە بەهێزتر بکەین. 

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا سەفین دزەیی ڕۆڵ و کاریگەری ڕەوەندی کوردستانی لە لۆبیکردن بۆ پرسە ڕەواکانی کوردستان لە دەرەوە بەرز نرخاند و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا کوردستانیانی دەرەوە دەتوانن ڕۆڵی بەهێزلەو بوارەوە ببینن و هەر یەکە و لە لای خۆیەوە وەك باڵیۆزی کوردستان کار لەسەر گەیاندنی نەهامەتیەکانی گەلی کوردستان بکات و ئاستی هۆشیاری خەڵك و سیاسەتوانان لەسەر ماف و پرسە ڕەواکانی کوردستان بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری لەسەر بریار دروستکردن لە وڵاتەکانیان بکەن. سوپاسی هەموو هەوڵە بەردەوامەکانی ڕەوەندی کوردستانیشی کرد لەو ڕووەوە و داوای بەردەوامیدانی بەو هەوڵانەدا. هاوکات ئامادەباشی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر جۆرە هاریکارییەك لەو ڕووەوە دووپات کردەوە.  

سەفین دزەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سوپاسی لیژنەی ناوچەی لەندەنی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەو وێبینارە کە ژمارەیەکی بەرچاوی کوردستانیان لە بەریتانیا و ئەوڕوپا و جیهان بەشداریان تێدا کردبوو، وە ئەو جۆرە چالاکیانەی بە گرینگ وەسفکرد بەمەبەستی بەستنەوەی کوردستانیانی دەرەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دام و دەزگاکانی ناوەوەی ووڵات بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بۆ پتەوترکردنی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستان بکەین.

 

هەواڵی پەیوەندیدار