٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی یۆنان بۆ کاری بازرگانی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ جێبەجێکردنی کاری بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان شاندێکی باڵای یۆنان کە پێک ھاتووە لە سەرۆکوەزیران و کۆمەڵێک گەورەبازرگانی یۆنان، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کونسووڵی یۆنان ئەمڕۆ سەردانی ئێمەی کرد و باسی لەوە کرد، بڕیارە شاندێکی گەورەی یۆنان کە پێک ھاتووە لە سەرۆکوەزیران و چەند وەزیر و گەورەبازرگانان و کۆمپانیاکانی یۆنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و باسی وەبەرھێنان بکەن لە سێکتەرەکانی وزەی گۆڕاو و بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە."

ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: "یۆنان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببات، بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا، چونکە ھەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی گرنگ و باش دەزانن بۆ ئەوەی کاری وەبەرھێنانی لێ بکەن و ئێمەش ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی کاری وەبەرھێنان بکەن."

گوتیشی: "ئەوان خۆیان کاتەکە دیاری دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان باش بێت".

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار