٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھەوڵێک ھەیە لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژەی دەستوور یەکلا بکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ھەوڵەکان بۆ کۆتاییھێنان بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەستیان پێ کردووەتەوە و ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ھەوڵێک ھەیە لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژەی دەستوور یەکلا بکرێتەوە.

د. وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆی دەستوور ناسنامەی ھەموو یاساکانە لە وڵاتدا، ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان ماوەی ٣٠ ساڵە دوای ڕاپەڕین نیمچەسەربەخۆیییەکمان ھەیە، بە تایبەتی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، دەستووری عێراق ئەو مافەی داوە بە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری تایبەتی خۆی، چونکە یەکێک لە بنەماکانی فیدڕاڵی ھەبوونی ھەرێمەکانە، ھەرێمیش مافی دەستووری ھەیە."

ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمان دەشڵێت: "ساڵانی پێشتر کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بەردەوام دوا کەوتووە، لە ساڵی ٢٠١٥ لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری ھەرێم پێک ھاتبوو، ھەنگاوی زۆر باشیش نران، بەڵام دوای ڕاستکردنەوەی ٧٠ ماددەی پڕۆژەکە ئیدی کاری لیژنەکەش ڕاگیرا و ھەر خۆیشی بۆ ماوەی یەک ساڵ بوو."

د. وەعدی مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە خولی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستانیش ھەوڵەکان دەستیان پێ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئێمە ببین بە خاوەنی دەستوور و پڕۆژەکە سەر بگرێت، بەتایبەتی لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا زۆرێک لە لایەن سیاسییەکان دەستوور دروشمیان بووە، یەکێک لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە دەیەوێت ھەرێمی کوردستان دەستووری ھەبێت بۆ ئەوەی کێشەکان لە ڕێگەی ئەو دەستوورەوە یەکلا بکرێنەوە و دەستوور ببێتە مەرجەع بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

لەبارەی خاڵە ناکۆکەکانی نێو پڕۆژەکە د. وەعدی مزووری پێی وایە، ھەموو لایەنەکان بۆچوونی خۆیان ھەیە لەسەر دەستووری داھاتووی ھەرێمی کوردستان و گوتی: "بەڵام ئەوەی خاڵی ناکۆکیی زۆری لەسەر دەبێت بابەتی سیستەمی حوکمڕانی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمە، چونکە لەسەر سیستەمی حوکمڕانی ڕای جیاواز ھەیە و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠یش ھێشتا یەکلا نەکراونەتەوە، ئەوەش دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم دەستوور."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار