''هەرێم ڕۆڵێکی گەورە لە بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان دەگێڕێت''

دهۆک-KDP.info- ڕاوێژکاری تایبەتی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ''یۆنیتاد'' لە ڕاپۆرتی خۆی لە بەرانبەر ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە هێرشەکانی داعش لە دژی کۆمەڵگای ئێزدییان لە شنگال تاوانی ''جینۆسایدە''، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێکی ئایینی بوون. شارەزایەکی بەجینۆسایدناساندن و گرنگیدەر بە کاروباری ئێزدییانیش دەڵێت: ''پەیامی کەریم خان گرنگ بوو لە ئەنجومەنی ئاساییش، چونکە گوتی گەیشتینە ئەو بڕوایەی ئەوەی بەرانبەر ئێزدییان کرا، جینۆساید بوو. ئینجا کار کەوتە نێو گۆڕەپانی ئێزدییان و ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقە کە دەبێ کار بکەن بۆ کەیسەکە."
کەریم ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆلینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ئاماژەی دا: ''پرۆژەیاسا پەسەندکراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی چەکدارانی داعش گرنگە.''
حەسۆ هورمی، شارەزای بەجینۆسایدناساندن و گرنگیدەر بە کاروباری ئێزدییان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگ و بەجێن بۆ بەجینۆسایدناسادنی کەیسی ئێزدییان و ئەوەی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرا هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ ناساندن و بەدواداچوونی دادوەری و یاسایی بۆ گەیشتن بە ئامانجی دادپەروەرانە دەربارەی قوربانییە ئێزدییەکان.''
کەریم خان گوتیشی: ''مەسروور بارزانی پشتیوانییەکی زۆر باش بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە دەکات، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستنی دادگایەکی دادپەروەرانە لەبارەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان."
هورمی لەم بارەیەوە ئاماژەی دا: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی زۆر دەکات لە دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند و دەبێ کەیسی بەجینۆسایدناسادنی ئێزدییان بۆ دادگای لاها ڕەوانە بکرێت، یان دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرسە دابمەزرێت."
کــاروان بــاعەدری




