چەند پرۆژەیەك لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن، تێچوەکانیان زیاتر لە سێ ملیار دینارە

ھەولێر-KDP.info- بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دینار پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن، كە لە قۆناغی یەكەمدا بە گوژمەی نزیكەی دو ملیار دینار چەندین پرۆژەی هەمەجۆری نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و لە قۆناغی دوەمیشدا بە بڕی یەك ملیاری دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری، ژمارەیەك پرۆژە بە گوژمەی نزیكەی دو ملیار دینار لەسەر داهاتی 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە گەڕەكەكانی، فەرمانبەران، ڕۆشنبیری، ژیان، هەولێری نوێ، سێبەردان و چەند گەڕەكێكی دیكە لە بواری چاككردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، دروستكردنی شەقامی نوێ، قیڕتاوكردن، سێكتەری ئاوەڕۆ و كربستۆن و چەند جۆرێكەی دیكەی پرۆژە جێبەجێ دەكرێن، كە ئەم گەڕەكانە بەشێكی گەورەی شاری هەولێر پێك دەهێنن و زۆرترین دانیشتووانی هەولێر لێیان نیشتەجێن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێك لەو پڕۆژانەی قۆناغی یەكەم نێردراون بۆ تەندەرینگ و هەندێكی دیكەشیان لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژی دیكەدا کەمکردنەوەیان بۆ دەکرێت و دواتر دەكەونە قۆناغی جێبەجێكردن.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر باسی لەوەشکردوە، جگە لەو پڕۆژانە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دیناری تر چەندین پرۆژەی هەمەجۆری دیكە لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر لە چەند گەڕەکێکی ناو شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.




