پڕۆژەی نوێ لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

زاخۆ -KDP.info- سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان لە قایمقامیەتی قەزای زاخۆ گوتی، بە گوژمەی نزیکەی ١٢ملیار و٥٠٠ملیۆن دینار ٥٧ پڕۆژەی نوێ لە قەزای زاخۆ جێبەجێ دەکرێت.
ھێژا محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی ملیارێک دینار بۆ زاخۆ دا و ئێمەش پڕۆژەکانی خۆمان و کەشفیشمان داوەتە پارێزگا و بەم دوایانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ١١ملیار و ٣٥٧ملیۆن دیناریش لە بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان بۆ زاخۆ تەرخان کراوە، ئەویش پڕۆژەی بۆ ئامادە کراوە و لە ڕێگەی پارێزگاوە ڕەوانەی وەزارەتی پلاندانان کراوە، هەرکە وەڵام بگەڕێتەوە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت."
ھێژا محەمەد گوتیشی: "ئەوەی ملیارەکە حەوت پڕۆژەی پێ جێبەجێ دەکرێت و ئەوەی بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاش ٥٠ پڕۆژەی پێ جێبەجێ دەکەین."
محەمەد باسی لەوەش کرد: "پڕۆژەکان جۆراوجۆرن؛ وەکوو ڕێگای ناوخۆ و دەرەوە و ئاو و دروستکردنی قوتابخانە و کڕینی کەلوپەل بۆ قوتابخانە. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەزامەندی لەسەر لیستی پڕۆژەکان بدرێت و ئامادەکاریمان کردووە و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




