عەدنان کەرکووکی: پارتی بەو شێوەیەی ئێستا ناگەڕێتەوە کەرکووک
__2021_05_10_h14m31s29__ER.jpg)
کەرکووک-KDP.info- دوێنێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێش ھەڵبژاردن بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک ڕادەست دەکرێنەوە. گوتەبێژی پارتییش لە کەرکووک دەڵێت، ڕەوشەکە گونجاو نییە و پێشبینی ناکەن بۆ ھەڵبژاردن بگەڕێنەوە کەرکووک.
عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە ئێمەش بیستوومانە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە بارەگانمان ڕادەست دەکرێنە، بەڵام دەڵێت بەبێ چەک، ئێمەیش بەبێ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و چەک، پێشتریش دەمانتوانی بگەڕێینەوە بۆ کەرکووک، بەڵام کێ ھەیە بەرگری لە بارەگانمان بکات لە کەرکووک."
ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت: "بەبێ چەک و ئاڵا بەو شێوەیەی ئێستا باوەڕ ناکەم پارتی پێش ھەڵبژاردنی ئەمساڵ بگەڕێتەوە کەرکووک، چونکە ڕەوشەکە ئاسایی نییە بۆ گەڕانەوە."
لەبارەی مەرجەکانی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، عەدنان کەرکووکی ئاشکرای کرد: "پێشتر پارتیمان پڕۆژەیەکی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک پێشکەش کردبوو، چوار خالی لەخۆ گرتبوو، یەکێک لەوانە پۆلیسی محەلیی ناوشاری کەرکووک بپارێزێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک تا بتوانێت بەرگری لەو ناوچانە بکات، ھەروەھا خاڵێکی دیکەش پەیوەستە بە ئیدارەی کەرکووکەوە."
قائید میرۆ




