ئومێد خۆشناو: لە ڕۆژانی داھاتوو ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بخرێنە بواری جێبەجێکردن و پارێزگاری ھەولێریش دەڵێت، پڕۆژەکان بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێن و ھەموو ناوچەکانیش دەگرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ لە کاتی دانانی بەردی بناغە بۆ بنکەی تەندروستیی گەلیاوە لە شارەدێی بەحرکە ڕایگەیاند: "وەک پارێزگای ھەولێر لە سەروبەندی ئامادەکارین بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژە ڕابگەیەنین کە بە سێ قۆناغ دەخرێنە بواری جێبەجێکردن، چونکە پێشتر بەھۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پڕۆژەکان ڕاگیرابوون."
پارێزگاری ھەولێر گوتی: "پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان دەکرێت کە لە قۆناغی یەکەمدا بە گوژمەی ٢٨ ملیار دینار و قۆناغی دووەم بە گوژمەی ٢٦ ملیار و قۆناغی سێیەمیش بە گوژمەی زیاتر لە ٨٠ ملیار دینار پڕۆژە لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت."
ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە: "پڕۆژە نوێیەکان بەسەر ھەموو ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێردا دابەش کراون، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە، داواش لە سەرمایەدارانی کوردستان دەکەین بەشدار و ھاوکار بن بۆ ئەوەی خزمەتی ھاووڵاتییانی خۆمان بکەین ھەروەک چۆن پێشتر ڕۆڵیان ھەبووە و لەسەر ئەرکی خۆیان پڕۆژە جێبەجێ بکەن."
قائید میرۆ




