موئەیەد تەیب: ئومێد ھەیە دوای جەژن بەرھەمی سەردانی نێچیرڤان بارزانی دیار بێت
__2021_05_09_h18m50s1__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئومێدی پەیدا کردووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناکۆکییەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن و شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە، نێچیرڤان بارزانی لووتکەی دەسەڵاتە و دەیەوێت لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.
موئەیەد تەیب، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی لایەنە سیاسییەکان لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەم ئەرکی کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، ھەمیش نێچیرڤان بارزانی، خۆی سرووشتی وایە کە بەردەوام دەیەوێ ناکۆکییەکان وەلا بنێرن و کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن، ئەوەش ھەنگاوێکی گرینگە بۆ قۆناغی ئێستا، لەبەر ئەوەی ڕەوشەکە پێویستی بە یەکدەستیی لایەنە کوردستانییەکانە."
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێت: "بۆ قۆناغی ئێستا، کورد پێویستی بە ھەندێ ھەنگاوە و ئەگەر کاری بۆ نەکرێت لەوانەیە کات ڕەحم بە کەس نەکات، لەوانەش فشاری ھاوپەیمانان بۆ یەکگرتنی ھێزی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان و یەکگرتووییی کورد بەرانبەر بەغدا، ھەروەھا پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کاتییەتی کاری بۆ بکرێت و چەندین پرسی دیکە ھەن، نێچیرڤان بارزانی ھەستی بەوە کردووە قۆناغەکە پێویستی بەوەیە لایەنەکان پێکەوە کار بۆ نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پرسانە بکەن."
موئەیەد تەیب ڕوونی کردەوە: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە، ئیدی کاتی ئەوە ھاتەوە لایەنەکانیش ھاوکار بن بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان خۆیان. ئومێد زۆرە دوای جەژن بەرھەمی سەردانی نێچیرڤان بارزانی ببینین، ئەگەریش لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوە سەرۆکی ھەرێمی ئەرکی خۆی بەجێ گەیاند و پەیامی خۆی گەیاند، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای جەژن کۆبوونەوەی دیکەش بکرێن و ھیوای ھەموو لایەکە بگەینە ئەنجامێک بۆ ئەوەی کورد یەک بێت."
قائید میرۆ




