٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمەڵێک پڕۆژە لە قەزای مەخموور جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور -KDP.info- قایمقامی قەزای مەخموور ئاشکرای کرد، بڕیارە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و نەینەوا بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژە لە چەندین بواری جیاوازی وەکوو ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی ھەندێک فەرمانگە و چەند سێکتەرێکی دیکە جێبەجێ بکرێت.

قایمقامی قەزای مەخموور، ڕزگار مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پلانی جێبەجێکردنی پڕۆژە بۆ قەزای مەخموور بۆ ئەمساڵ نێردراوە بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و نەینەوا، بۆ ئەوەی بوودجە بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە تەرخان بکرێت و پڕۆژەکان لە قەزای مەخموور و دەوروبەری جێبەجێ بکرێت، چونکە مەخموور پێویستی بە پڕۆژە ھەیە و بڕیارە ھەردوو پارێزگا بوودجەی بۆ دابین بکەن و ئێمەش پڕۆژەکانی پێ جێبەجێ بکەین.''

ڕزگار مستەفا گوتیشی: "ئەوەی پارێزگای نەینەوا ٥ملیار و٦٠٠ملیۆن دینارە و ئەوەی پارێزگای ھەولێریش سێ پڕۆژەیە کە بە گوژمەی نزیکە ٧٠٠ملیۆن دینارە و ئەو پارەیەش کە تەرخان دەکرێت لە چوارچێوەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە."

قایمقامی قەزای مەخموور ڕوونیشی کردەوە: "پڕۆژەکان دابەش کراون بەسەر قەزا و ناحیەکاندا و لە چەند سێکتەری جیاوازدان، وەکوو ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی ھەندێک فەرمانگە و چەند سێکتەری دیکەش.''

ڕزگاری مستەفا باسی لەوەش کرد: "ئێستا پڕۆژەکانی ئێمە لە بەشی پلاندانانی پارێزگاکانە و ڕاستە مەخموور بەھۆی شەڕی داعشەوە پێویستی بە پارەی زیاترە بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەڵام ئەوەی تەرخان کراوە لە چوارچێوەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە، بۆیە ناتوانین داوای زیاتر بکەین."

گوتیشی: "زۆر گوند لە سنووری مەخموور چۆڵ کراون و بەشێکیان لە ٢٠١٤ـوە نەگەڕاونەتەوە، خەڵک پێویستە خۆیان بگەڕێنەوە و ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەوەیە کە خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین، وەکوو ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و قوتابخانە."

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار