٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئایدن مەعرووف: كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دۆخی خراپی ناوچە كوردستانییەكان ئاگادار كراوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دۆخی پێكھاتەكان لە ھەرێمی كوردستان زۆر باشە و چەند راسپاردەیەكیشمان بۆ باشتركردنی دۆخیان داوەتە حكوومەت، ئەوانیش پشتگیری و پێشوازییەكی باشیان لێ كردووە، بە تایبەت سەرۆكی حكوومەت، بەڵام لە عێراق دۆخیان خراپە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لەو دۆخە خراپە بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان، ئاگادار كردووەتەوە.

ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چەند راسپاردەیەكمان ئاراستەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە و چەند پێشنیازێكیشمان كردووە، حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش پشتگیریی ئێمەیان كرد و پێشوازییان لەو راسپاردانە كرد كە پێشكەشمان كردوون، چونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەمیشە پاڵپشتی لە پێكھاتەكان و مافەكانیان دەكات و جەخت لەسەر پاراستنی سەرجەم پێكھاتەكان بێ جیاوازی دەكاتەوە، ئەمەش گرنگییەكی زۆری بۆ پێكھاتەكان ھەیە".

مەعرووف گوتیشی: "لە راسپاردەكاندا ھاتووە، كە ساڵانە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەت بۆ پێكھاتەكان تەرخان بكات بۆ گرنگیدان و نۆژەنكردنەوەی شوێنە ئایینییەكان و سەنتەرەكانی پێكھاتەكان و گرنگیدان بە یاسای پاراستنی پێكھاتەكان، كە یاساكە لە پەرلەمان دەرچووە، بۆ ئەوەی زیاتر كاری لەسەر بكرێت، بۆیە حكوومەت پشتگیرییان لە راسپاردەكانی ئێمە كرد، بە تایبەت سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمەش بایەخی خۆی ھەیە لەم كاتەدا حكوومەت گرنگی بە پێكھاتەكان دەدات، لە كاتێكدا دۆخی پێكھاتەكان لە عێراق خراپە، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان رۆژانە پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی كراوە لەبارەی رەوشی پێكھاتەكان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، لە ھەرێم دۆخیان زۆر باشترە و بوونیشیان زیاترە، بەڵام لە عێراق دۆخیان باش نییە، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لێ ئاگادار كردووەتەوە و ئەوانیش خۆیان ئاگاداری دۆخ و رەوشی پێكھاتەكانن لە ھەموو ناوچەكان".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار