٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید دلێر بۆ KDP: هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی دەستی پێكرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چەند شەوێكە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت و وەزیری ناوخۆ و بە هەماهەنگیی پارێزگار و لایەنە پەیوەندارەكان، هەڵمەتێكی بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دەست پێكردووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێریش دەڵێ، هەڵمەتەكە دەبەینە دەرەوەی شاری هەولێریش.

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چەند رۆژێكە بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت دەستی پێكردووە و شەوانە هێزەكانی پۆلیس بە هەماهەنگی هێزەكانی زێرەڤانی لە ناوچە جیاوازەكانی هەولێر خاڵی پشكنین دادەنێین بۆ ئەوەی دەست بەسەر چەكی بێ مۆڵەتدا بگرین".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتیشی: "جگە لە ناوشار، هەڵمەتەكە دەبەینە دەرەوەی شاری هەولێر و تا ئەو كاتەش كە كۆتایی بە دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دێت، بەردەوام دەبێت.

عەمید دلێر نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 1993، كە تایبەتە بە چەك، مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەین، كە بەپێی ماددەی 21 ی ناو یاساكە، هەڵگرتنی چەك بە بێهەبوونی مۆڵەت قەدەغەیە و سزای بەدواوەیە، لەبەر ئەوەش هەموو ئەو چەكانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دوای كۆكردنەوەیان لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بە نوسراوی فەرمی، رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار