٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆچی سەرۆکی ھەرێم گرینگی بە دەستوور دەدات؟

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  پرسی نووسینەوەی دەستوور یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دەیەوێت کۆدەنگییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا پێک بێنێت بۆ ئەم پرسە و چەند ڕۆژێکە لە شاری سلێمانییە، ئەم مەلەفەی خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکان و بە ڕاشکاوانە پێیانی گوت: ''پێویستمان بە دەستوورێکە''.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گۆڕان و سۆسیالیست و کۆمەڵ و یەکگرتووەوە پشتیوانیی هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانییان کرد بۆ ئەم پرسە. لە یەکەم کۆبوونەوەشدا سەرۆکی هەرێم لەگەڵ عومەری سەیدعەلی لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە دەبێ هەرێمی کوردستان ببێت بە خاوەنی دەستوورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو و بەشداریی هەموویانی تێدا بێت و خواست و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و ئێستا و داهاتووی وڵات و گەلی کوردستان بپارێزرێت و لەگەڵ دنیای پێشکەوتوو بگونجێت.

لە بارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پرسی نووسینەوەی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان، شێروان حەیدەری، شارەزای یاسایی و وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێمە لە  پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەستپێشخەر بووین لە سەرەتاوە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان توانی پرۆژەیاسایەک ئامادە بکات دوای ئەوەی چەندین لیژنە پێک هات بۆ نووسینەوەی ئەو دەستوورە، ئەم پرۆژەیە لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێ ٢٠٠٩ پەسەند کرا و نیردرا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم بە مەبەستی ئەوەی بخرێتە بەر ڕاپرسی، بەڵام بەداخەوە نەخرایە ڕاپڕسی و کە نەدرا بە ڕاپرسی، ئەوە هەڵە بوو، چونکە ئەگەر ئەوکات خرابایە ڕاپرسی، ئێستا خاوەنی دەستوور بووین و ئەوکات هیچ خیلافێکی لەسەر دەستوور نەبوو بەپێی دەستووری عێراق."

حەیدەری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێستاش هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی بۆ نووسینەوەی دەستوور لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی لە جێگای خۆیەتی و زۆر گرنگە، چونکە ئەم پرۆژەیە زۆر درەنگ کەوتووە و ئێستا دیارە پەرلەمانی کوردستانیش سەرقاڵە بۆ ئەوەی یان پێداچوونەوە بۆ پرۆژەکە بکات، یاخود پرۆژەیەکی تازە دابرێرژێت، ئەمە ٣٠ ساڵە کوردستان وەک کیانێکی دەستوورییە، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە ببینە خاوەنی دەستوورێک، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێجێرڤان بارزانی زۆر جددییە لە نووسینەوەی دەستوور و جگە لەوەی پشتی بە پەرلەمان بەستوووە، خۆیشی لیژنەیەکی ڕاویژکاریی بۆ ئەم مەبەستە پێک هێناوە، بۆ ئەوەی ئەو لیژنەیە ببیتە سەمامی ئەمان و فیلتەرێک، چونکە نووسینەوەی دەستوور کەسانی شارەزای پێویستە و، ئەو شارەزایانە دەگمەنن لەنێو پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پەنا ببرێتە بەر ئەو شارەزایانە و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی دەستووری، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم لیژنەیە لە پەرلەمان پێک بێنن و بۆ پێداچوونەوە لە فیلتەری سەرۆکایەتیی هەرێم تێ بپەڕێت."

گوتیشی: ''دەبێ ئەو لیژنانە ئەو کەموکووڕییانەی ئەم دەستوورە هەیەتی دەستنیشان بکەن و ئەوەی پیویستی بە دەستکاری بێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و دواتر بخرێتەوە ڕاپرسی، هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم بووە لەوەی دەستوور بخاتە بەر ڕاپرسی، چونکە لە ساڵێ ٢٠٠٥ـوە دەستووری عێراق پەسەند کراوە، تا ئەمڕۆش مافی بە هەرێمی کوردستان داوە ببێتە خاوەنی دەستوور، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێ بە خاوەنی دەستوور پێگەی هەرێمی کوردستان لە جیهان بەهێزتر دەبێت لەبەر ئەوە دەتوانین مافەکانمان لە دەستووردا بچەسپێنینن."‌

کــاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار