٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیاری هێنانەوەی خێزانە داعشییەكان لە سووریاوە بۆ مووسڵ ڕاگیرا

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی پارێزگای نەینەوا ئاشكرای دەكات، بڕیاری هێنانەوەی خێزانە داعشییەكان لە سووریاوە بۆ شاری مووسڵ ڕاگیرا و، ئەو پاسانەشی كە بۆ هێنانەوەیان ڕەوانە كرابوون، گەڕانەوە بەغدا.

شێروان جەمال دووبەردانی،‌ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بڕیار بوو ئەمڕۆ  100 خێزانی داعشییەكان لە كەمپی هۆڵ لە سووریا بۆ پارێزگای نەینەوا بگوازرێنەوە، ڕاستەوخۆ پارێزگاری نەینەوا نووسراوێكی فەرمیی ناڕەزایی خۆی و خەڵكی مووسڵ و بنەماڵەی شەهیدانی دەستی داعشی بۆ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق نارد، كە بریارەكە ڕابگرن، بۆیە بڕیارەكە ڕاگیرا و ئەو پاسانەشی بۆ هێنانیان ڕەوانە كرابوون، گەڕانەوە بەغدا."‌

دووبەردانی ڕاشیگەیاند: "زانیاریی سەرەتاییمان دەست كەوتووە، كە بڕیارەكە تا دوای جەژن ڕاگیراوە، بۆیە لەو ماوەیەدا لەگەڵ پارێزگاری مووسڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی خۆمان دەدەین كە بریارەكە بە یەكجاری ڕابگیرێت و نەیاهێنن بۆ مووسڵ."

دەشڵێ: "بریارەكە سیاسییە و زۆریش هەڵەیە،‌‌ هێنانی ئەو خێزانە داعشیانە كە 30 هەزارن، كێشەی كۆمەڵایەتی و ئەمنیی زۆر دروست دەكات كە بێ پلان دەیاهێنن، چونكە ناكرێت ئەو هەموو خێزانە داعشیانە كە خەڵكی پارێزگاكانی تری عێراقیشی تێدایە، بەڵام هەموویان دێنن بۆ مووسڵ، ئەو شارەی قوربانییەكی زۆری داوە بە دەستی داعش".

بڕیاری هێنانەوەی خێزانە داعشییەكان لەلایەن حكوومەتی عێراق لە سووریاوە بۆ شاری مووسڵ، ناڕەزایەتییەكی زۆری دانیشتووانی مووسڵی بەدوای خۆیدا هێنا و چالاكوان و پەرلەمانتاران و هاووڵاتیانی ئەو شارە، ماوەی چەند رۆژێكە هەڵمەتێكی ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیارەكە دەست پێكردووە‌.

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار