دەستەی وەبەرھێنان: ٩٦٦ پڕۆژەمان لە كاردان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا ٩٦٦ پڕۆژەمان بە سەرمایەی زیاتر لە ٥٣ ملیۆن دۆلار لەكاردان و دەشڵێ: "كێشەی قیستی یەكەی نیشتەجێبوونیشمان چارەسەر كردووە".
د. محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كارەكانمان لە ئەنجامدانی پڕۆژەكان زۆر باش بەڕێوە دەچن و لە ئێستادا ٩٦٦ پڕۆژەمان لەكاردان، كە ھەموو بوارەكان لەخۆ دەگرن و جیاجیان، لە ماوەی داھاتووشدا كاری باشترمان دەبێت و پڕۆژەی باش ئەنجام دەدەین، بۆیە لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین و ئەو پڕۆژانەی لەكاریشدان، بە سەرمایەی زیاتر لە ٥٣ملیۆن دۆلارن".
شوكری گوتیشی: "نوسراوێكمان دەركردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەبەرھێنانمان كردووە لە پارێزگاكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون، دوای ئەوەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و دوای پێكھێنانی چەند لیژنەیەك و چەند كۆبوونەویەك، دوو بژاردە دیاری كران، بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین".
لەبارەی بژاردەكانیشەوە، ناوبراو گوتی: "قیستەكان درێژ دەكرێتەوە بەوەی نرخی دۆلار وەكو پێشوو ھەژمار بكرێت و ئەو بڕەی ئێستا بۆ نرخەكە زیاد بووە، بخرێتە كۆتایی و بە قیست وەربگیرێت، ئەوەی دیكەش ١٠٠دۆلاری ئەمەریكی بە نرخی ١٢٠ھەزار بۆ ١٣٠ھەزار دینار دیاری بكەن لە كاتی وەرگرتنی قیستەكان، بۆیە پێویستە كۆمپانیاكان یەك لەو دوو بژاردانە كاری پێ بكەن و ھەر كۆمپانیایەكیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ھەندێك كۆمپانیاش رازی بوونە كە ١٠٠دۆلار بەرامبەر بە ١٣٠ھەزار دینار وەربگرن".
بڵند ئیبراھیم




