"ناوچەیەکی نوێی پیشەسازیی ئۆتۆمبێڵ لە دھۆک دروست دەکرێت"

دهۆک-KDP.info- لە دەڤەری ئالۆکای دھۆک ناوچەیەکی نوێی پیشەسازیی ئۆتۆمبێڵ دروست دەکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت، ئەمساڵ پڕۆژەکە کۆتاییی دێت و پیشەسازیی ئۆتۆمبێڵ لە گەڕەکی بەڕۆشکێی دھۆک دەگوازینەوە بۆ ئالۆکا.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەمساڵ گەڕەکی پیشەسازیی ئۆتۆمبێڵ لە ناوچەی بەڕۆشکێی سەنتەری شاری دھۆک بگوازینەوە بۆ ناوچەی نوێی پیشەسازی لە ئالۆکا و، شوێنی پیشەسازیی بەڕۆشکێ دەکرێتە پارک، چونکە شوێنی ئێستای پیشەسازیی ئۆتۆمبێڵ کەوتووەتە سەنتەری شار و شوێنێکی گونجاو نییە بۆ پیشەسازی."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک دەشڵێت: "ناچەی پیشەسازیی نوێ لە ئالۆکا دروست دەکرێت و تا ئێستا زیاتر لە ٨٠%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و پێک ھاتووە لە یەک ھەزار و ٨٠٠ شوێن بۆ خاوەنکارەکان و، لەگەڵ تەواوبوونی، ناوچەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل دەگوزارێتەوە ئالۆکا."
کوردۆ ئیحسان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ناوچەی پیشەسازیی ئالۆکا شوێنێکی گونجاوە و لەسەر ڕووبەری ٣٠٠ دۆنم زەوی دروست کراوە و ناوچەی پیشەسازیی کۆنیش لە دھۆک ھەیە، ئەوانیش دەگوزارێنەوە ناوچەی نوێی پیشەسازی و بەپێی ستانداردی جیھانی ھەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین کراوە."
قائید میرۆ




