٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ژمارەیەک پڕۆژە لە قەزای بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانیی قەزای بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێت و سەرۆکی شارەوانیی قەزاکەش دەڵێت، بەشێک لە پڕۆژەکان بۆ گەڕەکە نوێیەکانی قەزاکە دەبن.

زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی قەزای بنەسڵاوەوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی سنوورەکەمان و پڕۆژەکانیش بریتین لە قیڕتاوکردنی شەقام و ئاوەڕۆ و جوانکاریی ناو شارۆچکەی بنەسڵاوە، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە پلانی شارەوانیدان لەگەڵ دابینکردنی پارەی پێویست دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت."

سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە گوتیشی: "شارەوانیی قەزای بنەسڵاوە لە داھاتی خۆی پارەی بۆ دەگەڕێتەوە و نووسراومان کردووە تا دەسەڵاتمان پێ بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو داھاتەی ھەمانە پڕۆژە جێبەجێ بکەین و چاوەڕێی وەڵامین."

لەبارەی گەڕەکە نوێیەکانیشەوە، زریان سەباح ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەمان بۆ گەڕەکە نوێیەکانیش ھەیە، بە تایبەتی ھەردوو گەڕەکی گەڕەسۆ و گوڵان، کە دوو گەڕەکی قەزاکەن و پێویستیان بە خزمەتگوزارییە، بەشێک لە پڕۆژەکانمان بۆ ئەو دوو گەڕەکە دەبێت، دەمێکە دانیشتووانی داوای پڕۆژەیان کردووە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار