یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان: گه‌شبینین به کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کان

سه‌لاحه‌دین بابه‌کر، کارگێڕى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردنی یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان له چاوپێکه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان به گرنگییه‌وه له کۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان و شاندى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان بۆ یه‌کڕیزى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوماڵى کورد ده‌ڕوانێت و ده‌ڵێت: "ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌ى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌کانى ناوخۆى هه‌رێم گرنگ و پێویست بوو، چونکه ئێستا کێشه و گرفت و دوورکه‌وتنه‌وه له نێوان لایه‌نە سیاسییه‌کانى کوردستان له ئاسته جیاجیاکان هه‌یه و سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌وانه گرفت و قه‌یران له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه، بۆیه کۆبوونه‌وه‌که خزمه‌ت به یه‌کڕیزیى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندرووست و لابردنى ئه‌و گرژییانه ده‌کات که ئێستا له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان هه‌یه، وه‌کوو یه‌کگرتوو پێشوازى له هه‌ر هه‌وڵێکى له‌م شێوه‌یه ده‌که‌ین".
دیدگاى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى له‌م شێویه چییه، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ى کە په‌یوه‌ندیى به لێکنزیکبوونه‌وه نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه هه‌یه بۆ ڕێککه‌وتن له‌سه پرۆژه‌یه‌کى نیشتمانیى هاوبه‌ش؟
- به‌ڵێ، ئێمه وه‌ک یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و چوارچێوا‌نه‌داین که خزمه‌ت به هه‌رێمى کوردستان و خزمه‌ت به یه‌کڕیزى و لێکنزیکبوونه‌وەی لایه‌نه‌کان و خزمه‌ت به که‌مکردنه‌وه‌ى گرژییه‌کان و بنیادنانى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندرووست بکات که دواجار له به‌رژه‌وه‌ندیى هاوواڵاتییاندا بێت، یه‌کگرتووى ئیسلامى به ڕاشکاوی بارى سەرنجى خۆى له کۆبوونه‌وه‌که سه‌باره‌ت به کێشه‌کان و چۆنیه‌تیى دانانى میکانیزمێکى ڕوون خسته ڕوو، به شێوه‌یه‌ک که دواجار خزمه‌ت به پڕۆسه‌که بکات و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى کوردیش له چوارچێوه‌ى عێراقدا بدرێت، یه‌کگرتوو هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئاشته‌واییى سیاسى بوو له هه‌رێمى کوردستان، به ڕاى ئێمه کۆبوونه‌وه‌که گرنگە بۆ له قاڵبدانى گرفته‌کان له چوارچێوه و حه‌جمێکدا".
نووسینه‌وه و ئاماده‌کردنى ده‌ستوور یه‌کێک بوو له بڕگه سه‌ره‌کییه‌کانى کۆبوونه‌وه‌که، بۆچی گرنگه ئێمه خاوه‌نى ده‌ستوورى خۆمان بین، ده‌ستوور چ ڕۆڵێکى ده‌بێت له کێشانى نه‌خشەى سیاسیی کوردستان له داهاتوودا؟
- ئێمه له‌گه‌ڵ بوونى ده‌ستوورین، ئاشکرایه ده‌ستوور دایکى یاساکانه و هیچ وڵاتێک ناتوانێت به‌بێ ده‌ستوور موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى به شێویه‌کى دیموکراسیانه بکات و ناتوانێت ده‌سه‌ڵاته‌کانى به جوانى لێک جیا بکاته‌وه، بۆیه بوونى ده‌ستوور بۆ هه‌روڵاتێک زۆر گرنگه و بۆ هه‌رێمى کوردستان گرنگتریشه، بوونى ده‌ستوور و کارپێکردنى له هه‌رێم به بۆچونى ئێمه دواکه‌وتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، ئێستا بکرێت له داهاتوو باشتره، یه‌کگرتوو له‌گه‌ڵ بوونى ده‌ستووره، پێمان وابوو ده‌بێ هه‌رچى زووه پێداچونه‌وه به بڕگه و خاڵەکانى ئه‌م ده‌ستووره‌دا بکرێت، له کوێدا پێویست بوو پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بکرێت، ده‌ستوورێک بێت که هه‌موو تاکێکى کوردستان به جیاوازیی بیروڕا و ئایینەوە به جیاوازیى نه‌ته‌وه و ئایینەوە، به هى خۆى بزانێت و ته‌واوى جیاوازییه‌کانى تێدا ڕه‌نگ بداته‌وه و به ده‌ستوورى خۆى بزانێت و، به شێوەیەک ئاماده بکرێت و بخرێته ده‌نگدانه‌وه که ده‌سه‌ڵاته‌کان ڕۆشن بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌مه‌ودووا باشتر و دیموکراسیانەتر موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان بکرێت، دواجاریش له‌ژێر ڕۆشناییى ئه‌م ده‌ستووره‌دا گرفته‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
هه‌موو ئه‌مانه‌ى ئاماژه‌ت بۆ کرد چ خزمه‌تێک به یه‌کڕیزیی نێوماڵى کورد له به‌غدا دەکات، ڕوونتر بڵێم، یه‌کڕیزیى هه‌رێم یه‌کسانه به به‌ده‌ستهێنانى ده‌سکه‌وته نه‌تەوه‌یی و نیشتمانییه‌کانى ئێمه له عێراق؟
- یه‌کێکى تر له‌و خاڵانانه‌ی که ئێمه له‌گه‌ڵ شاندى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان باسمان کرد، باسکردن بوو له هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق، گرنگ بوو ئه‌مه، چونکه بۆ یه‌که‌م جاره هه‌ڵبژاردن له عێراق به یاسایه‌کى نوێ به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆیه پێویسته ته‌واوى گرفته‌کانى نێوانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و هه‌وڵ بدرێت لێبڕینى مووچه کۆتاییى پێ بێت، چونکه ئه‌مه ڕۆڵى گرنگى ده‌بێت بۆ دروستبوونى متمانه له نێوان هاووڵاتى و حکوومه‌ت و ده‌سەڵات و دەبێته هانده‌رێکیش بۆ به‌شداریکردنى هاووڵاتییان له هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئێمه وه‌ک یه‌کگرتوو هه‌میشه له‌گه‌ڵ کارى پێکه‌وه‌یی بووین، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ماوه‌ى ڕابردوودا نوێنه‌ره‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتى وه‌ک پێویست به‌شدارییان پێ نه‌کراوه له پرسه نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌کان، بۆیه پێمان وابوو ده‌بێت له خولى دادێ ئه‌مه کۆتاییی پێ بێت و بتوانین به پرۆژه‌یه‌کى هاوبه‌شى نیشتمانى له به‌غدا کار بۆ به‌دیهێنانى ده‌ستکه‌وته‌کان بکەین، ئه‌وه‌شى له ڕابردوو به‌ده‌ست هاتووه هه‌ر به‌ره‌نجامى یه‌کڕیزى بووه.
ئه‌وه‌ى له کۆبوونه‌وه‌ى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان و سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان باس کرا چۆن له ئه‌مرى واقعدا جێبه‌جێ ده‌کرێت؟
ئه‌رکى هه‌موو لایه‌نه‌کانه کار بۆ جێبه‌جێکردنى ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌کان بکەن، هه‌رکه‌س و به‌پێى حه‌جمى خۆى، کێ ده‌توانێ ئه‌مه بکات و کێ ده‌توانێ ئه‌مه بکات، بۆ نموونه، کێ خاوه‌نى زۆرترین کورسیى په‌رله‌مانییه له خولى ئێستا، پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، یه‌کگرتوو، دواتر کۆمه‌ڵ. که‌واته به پله‌ى یه‌ک ئه‌رکى هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه بۆ بنیاتنان و درووستکردنى ئه‌م یه‌کڕیزییه له نێوان فراکسیۆنه جیاوازه‌کاندا له به‌غدا، ئێمه گه‌شبینین به کۆبوونه‌وکان و ده‌کرێت بکرێته بنه‌ماى ژیانێکى تازه‌ى سیاسى له هه‌رێمى کوردستان.
ئەرسەلان ئەحمەد




