٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- له‌ به‌رده‌وامیى سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/5/5 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك، سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێز فازل میرانى سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، ڕۆڵى پارتى له‌ كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى ناكۆكیى نێوان لایه‌ن سیاسییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و پته‌وكردنى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى نێوانیان، دروستكردنى میكانیزم و چوارچێوه‌یه‌كى نیشتمانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان به‌ هه‌موو بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌وڕووى ته‌حه‌دییه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببنه‌وه‌، ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ ڕۆڵى پارتى و پێگه‌ى گرنگ و به‌رپرسیارانه‌ى بۆ به‌دیهێنانى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌سپێشخه‌ر و كارا بێت و ڕۆڵێكى ئه‌رێنیى به‌رپرسانه‌ و نیشتمانى بگێڕێت.

لاى خۆیه‌وه‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان، وێڕاى ستایشى و ده‌ستخۆشى، هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆى بۆ ئه‌رك و ده‌ستپێشخه‌ریى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدانیان له‌پێناو ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزیى لایه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانییه‌كاندا دووپات كرده‌وه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست، هاوبه‌شى و به‌شداریى كاراى پارتیشیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى پارتى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هەواڵی پەیوەندیدار