ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیار و ئاژەڵدارەکان دەکات

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، راپۆرتێکیان بۆ قەرەبووکردنەوە و ھاوکاریکردنی جووتیار و خاوەن ئاژەڵەکان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە بە هۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئەم ھەفتەیەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لیژنەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەو مەبەستە دروست کراوە.
حوسێن حەمەکەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "راپۆرتێکمان لەبارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران و کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و ئەم ھەفتەیە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی ئەو راپۆرتەی ئێمەوە دەکەن و بڕیاری لێ دەدەن".
حەمەکەریم گوتیشی: "مەبەست لەو کارەی ئێمەش ئەوەیە، کە پشتگیری لە جووتیار و ئاژەڵداران بکرێت، کە زیانیان بەرکەوتووە و ھاوکارییان بکرێت لە دابینکردن و دابەشکردنی بنەتۆو و ئالیک بەسەریاندا، بۆ ئەوەی ببێتە ھاندانێک بۆ جووتیار و خاوەن ئاژەڵەکان و بەردەوام بن لە کاری خۆیان، چونکە مەبەستی ئێمە ئەوەیە پەرە بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەین".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد: "ئەو راپۆرتەی ئامادە کراوە، بە بەشداریی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە و، ئەنجومەنی وەزیرانیش لیژنەیەکی بە بەشداریی نوێنەری ئێمە پێک ھێناوە و نوێنەری پارێزگاکانیشی تێدایە، بۆیە ئەو لیژنەیە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات".
بڵند ئیبراھیم




