وەزیر: هەموو هەوڵێك دراوە دوای جەژن دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، پێشتر داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بۆ پاراستنی تەندروستی مامۆستایان و قوتابیان بوو.
ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەنیا هەرێمی كوردستان نییە كە كێشەی نەكردنەوەی قوتابخانەكانی هەبێت، بەڵكو كاریگەری كۆرۆنا لەسەر كەرتی پەروەردە كێشەیەكی گەورەیە، ئێستە كێشەی نەخوێندەواری لە 127 وڵاتدا دروست كردووە.
وەزیری پەروەردە گوتی، بۆ دوای جەژن هەموو هەوڵێك دراوە دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە، لەو كاتەی لە بەردەستدایە سەرجەم وانەكان پوخت دەكرێنەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندن تەواو بكرێ.
وەزیری پەروەردە باسی لەوەش كرد، داخستنی دەرگای قوتابخانەكان هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری، بەڵام هۆكاری داخستنەكە زیاتر بۆ پاراستنی گیانی مامۆستایان و قوتابیانە لە پەتای كۆرۆنا.




