د. كهمال: دابەشكردنی ژمارەی كورسییەكان بەسەر پارێزگاكاندا بۆ هەڵبژاردن پێشێلكاریی دەستوورییە

هەولێر-KDP.info- لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای دەكات، كە دابەشكردنی ژمارەی كورسییەكان بەسەر پارێزگاكاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشێلكاریی دەستوورییە، هاوكات ئەوەش دەڵێ كە دەبوو سنووری بازنەكانی هەڵبژاردن بەپێی پێوەری دیاریكراو و لەلایەن لایەنێكی سەربەخۆ و تایبەتمەندەوە دەستنیشان بكرابانایە.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دكتۆر كەمال كەركووكی، چەندین پێشێلكاری لە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ ئاشكرا دەكات، لە پرسیاری ماددەی ١ی بازنەكانی هەڵبژاردن كە تێیدا هاتووە، هەر ناوچەیەكی دەستنیشانكراو بەپێی ئەم یاسایە ژمارەیەك كورسی بۆ دەستنیشان كراوە؟ لە وەڵامدا ناوبراو دابەشكردنی ژمارەی كورسییەكانی هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێی ئەو یاسا نوێیە، بە پێشێلكاری بۆ ماددەی ٤٩ بڕگەی یەكەم لە دەستووری عێراق نێودەبات، كە بۆ هەر ١٠٠٠٠٠ كەس لە دانیشتووان، ١ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ تەرخان دەكرێت.
سەبارەت بە ماددەی ٢ كە مسۆگەركردنی مافی دەنگدەر و پاڵێوراوە لە بەشداریی هەڵبژاردن، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، تەواو پێچەوانەی ئەمە دەبینێ، كە مافی دەنگدەر و پاڵێوراو بە هۆی جیاوازیی زۆر لە رێژەی دانیشتووان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا دەفەوتێت، وەكخۆی روونی دەكاتەوە، بە واتایەكی دیكە، یەك كورسی بۆ كەمتر لە ١٠٠٠٠٠ ھەزار كەس تەرخان كراوە! ئەوەش دەبێتە هۆی ونبوونی دەنگەكان لە بازنەكانی دیكەدا، كە تیایاندا ھەیە بۆ زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ ھەزار كەس كورسییەك تەرخان كراوە.
ناوبراو نموونەش بەوە دەهێنێتەوە، لە كەركووك و لە بازنەی ١، كە دانیشتوانەكەی زۆربەی ھەرە زۆری كوردن، بۆ ھەر كورسییەك ١٣٢٤٨٩ سەد و سی و دوو ھەزار و چوار سەد و ھەشتا و نۆ كەس تەرخانكراوە، كە ئەوەش بەشێكە لەو نادادوەرییەی هەیە! هەروەها بۆ بازنەی ٢، لەوێش كورد و توركمان زۆرینەن و عەرەبیشی تێدا ھەن، بەڵام بۆ ھەر كورسییەك ١٣٨٤٢٥ سەد و سیی و ھەشت ھەزار و چوار سەد و بیست و پێنج كەس تەرخان كراوە، لە بازنەی ٣ی حەویجەش، بۆ ھەر كورسییەك ٩١٧٨١ نەوەد و یەك ھەزار و حەوت سەد و ھەشتا و یەك كەس تەرخان كراوە! بۆیە ئەوەش ئەوپەڕی نادادوەرییە. كەركووكی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ھەمووی پێچەوانەی ماددەی ٤٩ی دەستووری عێراقە لە لایەك، لە لایەكی دیكەیش پێچەوانەی چەند ماددەیەكی نێو یاساكەش خۆیەتی، كە نە دادوەریی تێدایە! نە یەكسانی!
مسۆگەركردنی دادوەری و ئازادی و بێگەردیی هەڵبژاردنەكان
سەبارەت بە مسۆگەركردنی دادوەری و ئازادی و بێگەردی هەڵبژاردنەكان كە چۆنی دەبینێ، كەركووكی لە میانەی چاوپێكەوتنەكەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ، كاتێ دانیشتووان بە شێوەیەكی دادوەرانە بە سەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش نەكراون، هەندێ بازنەی هەڵبژاردن سنووری یەكە كارگێڕییەكانیشیان بەزاندووە، ئەوەش پێشێلكارییە، كە هیچ دادوەرییەكی تێدا نییە.
بۆ ئەوەش كەركووكی بە ماددەی ١٣روونی دەكاتەوە، كە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ كورسی پێك دێ و ٣٢٠ كورسی بە سەر پارێزگاكاندا و بەپێی سنوورە ئیدارییەكانیان دابەش دەكرێن، بە پێچەوانەی ئەمەوە لە ماددەی ١ بەشی ١ دەبینن، كە ئەم دەقە دژە لەگەڵ خودی هەمان یاسا، لە كاتێكدا كە بڕیار بوو ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران كە ٣٢٩ ئەندامن، جگە لە ئەندامانی كۆتا كە ٩ ئەندامن، بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێن، بەپێی خودی یاساكە كە سیستمی فرەبازنەییە، ئەوا ناكرێ بە سەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێن، ئینجا نێوەڕۆكی ماددەكانی ٢ و ٣ و ٤ لە بەشی یەكەمی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ دێتە دی.
رێگاكانی دەنگدان
پەیوەست بە رێگاكانی دەنگدان لە ماددەی ٥دا مەرجەكانی دەنگدەر دیاری دەكات، كە دەبێ لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمار كرابێت، بەپێی ئەم یاسایە و ئەو سیستم و رێككارانەی كۆمیسیۆن دەریان دەكات، كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدانی هەبێت و، یەكێ لەم سێ بەڵگەنامەیە پێشان بدات، وەك ناسنامەی باری كەسی، یا كارتی یەكگرتوو، یان رەگەزنامەی عێراقی؟ بۆیە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_گەرمیانی پارتی ئاماژە بەوە دەدا، كە مەبەست لەم ماددەیە دەنگدانی گشتییە لە عێراق و باسی (كارتی درێژمەودا) ناكا، بۆیە دەنگدەر سەرپشك كراوە لە دەنگدان بە یەكێ لە دوو كارتی (درێژمەودا و كورتمەودا)، بەو مەرجەی یەكێ لەو سێ بەڵگەنامە فەرمییەی باس كراون لەگەڵ خۆیدا ببات.
سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش كە لە ماددەی ٣٩ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی فیدراڵدا هاتووە، دەنگدانی تایبەت ٤٨ كاتژمێر پێش وادەی دەنگدانی گشتی دەبێت و، تەنیا بە كارتی بایۆمەتری دەبێت.
دەقەكە لە بارەی دەنگدانی تایبەت روونە كە تەنیا بە كارتی بایۆمەتری دەبێت.
هاوكات ماددەی ٣٩ كە تایبەتە بە ئاوارەكان، هاتووە، ئاوارەكان بەپێی نوێترین ئاماری فەرمی دەنگ دەدەن، كە كۆمیسیۆن لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و بازرگانی وەریان دەگرێت و، ئاوارە بۆی هەیە لە شوێنی ئاوارەبوونی بۆ بازنە ئەسڵییەكەی كە لێیەوە ئاوارە بووە، بە بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتری دەنگ بدات. دەقەكە لە بارەی دەنگدانی ئاوارەكانیش روونە كە تەنیا بە كارتی بایۆمەتری دەبێت.
هەر هەمان ماددەش، عێراقییەكانی دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە، كە بۆ بازنەكانی هەڵبژاردنی خۆیان و تەنیا بە بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتری دەنگ دەدەن.
كردەوەكانی دەستكاری و تەزویر
سەبارەت بە ماددەی ٣٨ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی فیدراڵ، هاتووە، كە كۆمیسیۆن پشت بە ئامارەكانی خێراكردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەبەستێت بۆ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان لە ماوەی ٢٤ كاتژمێر پاش تەواوبوونی دەنگدان و، پڕۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ هاوتاكردن ئەنجام دەدرێت و، تەنیا بۆ یەك وێستگە لە هەر بنكەیەكی دەنگدان. ئەگەر هات و ئەنجامەكانی ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی و ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بە رێژەی ٥٪ی دەنگەكانی وێستگەكە جیاوازییان هەبوو، ئەوە ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ گشت وێستگەكانی ئەو بنكەیە دەكرێت، ئەگەر تانە لە هەر بنكەیەكی دەنگدان، یا وێستگەیەكی دەنگدان درا، ئەوا كۆمیسیۆنی باڵا پابەند دەكرێت بە دووبارە ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بە ئامادەبوونی بریكارانی حیزبە سیاسییەكان و، ئەنجامی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی پەسەند دەكرێت. كەركووكی پێیوایە كە ئەوەیش دەرگا بۆ قەوارە سیاسییەكان دەكاتەوە بۆ ئەوەی بە هەبوونی رێژەی جیاوازی، یا نەبوونی تانە بدەن، بەم شێوەیەش لە زۆربەی كاتدا پشت بە ئەنجامەكانی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی دەبەسترێت، كە ئەوەش دژبەرە لەگەڵ دەقی یاساكە، كە داوای خێراكردنی پڕۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی و راگەیاندنی ئەنجامەكان پاش تەواوبوونی دەنگدان بە ٢٤ كاتژمێر دەكات.
هەروەها لە بەشی ٩ی ماددەی ٣٩دا دەبینین ماوە بە دەنگدەرانی هەڵگری (كارتی كورتمەودا) دراوە ئەگەر هات و ئامێری ناسینەوەی پەنجەمۆر نەیتوانی پەنجەمۆرەكەیان بناسێتەوە، ئەوا بەپێی هەمان یاسا دەنگ بدەن، ئەویش بەوەی كارمەندی دەنگدان فەرمانی (تێپەڕاندن) بدات.
بەڵام كەركووكی پێیوایە بە هۆی بوونی ئەو یاسایەوە، هەڵگری ئەو كارتە دەتوانێ بەقەد ژمارەی پەنجەكانی، واتە ١٠ جار دەنگ بدات. مەبەست لێرە لە دەنگدانی گشتییە، كە بە بۆچوونی ئەو دەرگای تەزویر لە پڕۆسەی دەنگدان واڵا دەكات.
تێبینییە گرینگەكان
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا، دكتۆر كەمال كەركووكی سەبارەت بە بوونی چەند تێبینییەكی دیكەی، ئاماژەی بە چەند تێبینییەكی گرینگ دا، بۆ نموونە، لە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠، پشت بە میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ دەستنیشانكردنی سنووری بازنەكانی هەڵبژاردن نەبەستراوە، لە كاتێكدا پێویستە دەستەڵاتێكی سەربەخۆ بە ناوی "دەستەڵاتی دەستنیشانكردنی سنوورەكان" هەبێت و، سنووری بازنەكانی هەڵبژاردن بەپێی پێوەری دیاریكراو و لەلایەن لایەنێكی سەربەخۆ و تایبەتمەندەوە دەستنیشان بكرێن، بەڵام بە داخەوە لەو یاسایەدا جارێك پشت بە سنووری كارگێڕی بەستراوە و جارێك بە ڕێككەوتنی فراكسیۆنە سیاسییەكان و هیچ میكانیزمێكی دیاریكراو كە لە سەر پرۆفیشناڵێتی و شەفافیەت بنیات نرابێت پەیڕەو نەكراوە و، ئەمەیش بۆشاییەكی گەورە و لەنگییەكە لە پڕۆسەی دەستنیشانكردنی سنووری بازنەكانی هەڵبژاردن.
هەروەها ئاماژەش بە نەبوونی سەرژمێرییەكی گشتی دەكات، كە لە دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا پشتی پێ ببەسترێت، بۆیە ئەو دابەشكردنەی لە یاساكەدا كراوە بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٠ بووە! بەڵام ژمارەی دەنگدەران بە گوێرەی ئامارەكانی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پلاندانان بۆ ساڵی ٢٠٢١ شتێكی دیكەیە، هەربۆیە ناوبراو ئەوەش بە فێڵكردن لە یاساكە لە لایەك، لە لایەكی دیكەیش لە مافی دەنگدەران و دانیشتووان بە گشتی دەیبینێ.
خێڵان بەختیار




