کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا و پارێزگاری هەولێر کۆ بوونەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٢٩/٤/٢٠٢١، بە هاوڕێیەتی کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز دۆمینیک مۆشیاو، سەردانی پارێزگاری هەولێری پایتەخت، بەڕێز ئۆمێد خۆشناومان کرد و لەلایەن جەنابی پارێزگار و بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا بە گەرمی پێشوازی کراین.
کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان، لە دیدار لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەڕێز ئۆمێد خۆشناو، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری نوێی هەولیر لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەم ئەرکە گرنگەدا بۆ بووژاندنەوە و پێشکەوتنی پارێزگای هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، هەروەها هاوخەمیی خۆیی دووبارە کردەوە بە لەدەستدانی خوالێخۆشبوو دکتۆر فەرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆناوە و، هیوای تەندرووستییەکی باشی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن و گەشەپێدانی کار و چالاکییەکان لە پارێزگای هەولێر گەیاندە پارێزگار و ستافی پارێزگا و هیوای خواست مرۆڤایەتی لە ماوەیەکی نزیکدا بەسەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی مەترسیداری کۆرۆنادا سەر بکەوێت و ژیان و کار و بزاڤ لە کوردستان و پۆڵۆنیا و جیهان ئاسایی ببێتەوە و هەموو لایەک بتوانن ژیانی ئاسایی و چالاکییەکانیان دەست پێ بکەنەوە.
لە لایەکی ترەوە، کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بەهۆی پابەندبوونیان بە خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی ڕابردوودا بە گشتی کار و چالاکییەکان کز بوون و نەیانتوانیوە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی وڵاتەکەیان لە هەریمی کوردستان ساز بکەن، کۆماری پۆڵۆنیا لە ٢ی مانگی گوڵانی هەموو ساڵێک ڕۆژی ئاڵای کۆماری پۆڵۆنیا و پۆلۆنییەکانی دیاسپۆرا دەکاتەوە و هەروەها لە ٣ی مانگی گوڵانیشدا ڕۆژی مێژووییی یاسای بنەڕەتیی کۆماری پۆڵۆنیا زیندوو دەکاتەوە. بەداخەوە بەهۆی بەردەوامبوونی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەمساڵیش وەک پابەندبوونیان بە خۆپارێزی، هەمدیسان ناتوانن مەراسمێکی فراوان تایبەت بە یادەکانی وڵاتەکەیان ساز بکەن، بەڵام هیواخوازن دوای کۆتاییهاتنی مەترسییەکان ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی دەرفەتیان هەبێت بە هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەیەکی تایبەت بەم یادەوە لە کوردستان ساز بکەن بۆ ناساندنی گەل و وڵات و مێژوو و کەلتووری پۆڵۆنیا بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییە دۆستانە و سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتوورییەکان و هەموو بوارەکانی جێی بایەخی نێوان هەردوو گەلانی دۆست، کوردستان – پۆڵۆنیا کردەوە." هەروەها لەسەر چەند بابەتێکی جێی بایەخ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئاڵوگۆڕی بیرۆڕایان کرد.
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە دیوانی پارێزگا، سوپاسی پیرۆزبایی و ڕەخساندنی ئەم سەردانەی لە کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا کرد و بەتایبەتیش پیرۆزباییی ٢ی گوڵان، ڕۆژی ئاڵای کۆماری پۆڵۆنیا و ڕۆژی پۆلۆنییەکانی دیاسپۆرا و هەروەها پیرۆزباییی ڕۆژی مێژووییی ٣ی گوڵانی وەک ڕۆژی یاسای بنەڕەتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە کونسووڵی گشتی و ستافی کونسووڵخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان و گەل و حکوومەتی کۆماری پۆڵۆنیا کرد و هیوای پێشکەوتن و بەختەوەریی بۆ خواستن و جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارێزگاری هەولێر و کونسووڵخانەی گشتیی پۆڵۆنیا لە کوردستان و دامەزراوەکانی کۆماری پۆڵۆنیا کردەوە کە بە هاوکاریی هەردوو لا پەیوەندییەکانیان بگاتە ئاستێکی پێشکەوتووتر کە هەردوو لا هیوای بۆ دەخوازن و ئامادەیی و خواستی پارێزگای هەولێری بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، کەلتووری و زانستییەکان و هەموو بوارەکانی تر لەگەڵ کۆماری پۆڵۆنیادا گەیاندە بەڕێز دۆمینیک مۆشیاو، کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان و هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکیشی بۆ کونسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیا خستە ڕوو بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکانیان و بۆنە و یادە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانیان لە ئایندەدا و هەروەها بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان.




