زیاد کاکه ڕه‌زا: حکوومه‌ت چه‌ندین پرۆژه‌ى گرنگی له سلێمانى جێبه‌جێ کردوون

سلێمانی-KDP.info- سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت، ته‌رخانکردنى ٢٤ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌کانى سلێمانى ڕۆڵى گرنگى ده‌بێت بۆ سه‌رپێخستنه‌وه‌ى به‌شێک له پرۆژه وه‌ستاوه‌کانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرۆژانه‌ى که ٥٠٪یان ته‌واو کراوە، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارییه‌وه وه‌ستاوبوون. به‌ده‌ر له‌وه‌ش، ده‌توانرێت کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ى نوێى پێ بخرێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه.
زیاد کاکه ڕه‌زا، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتی کوردستان لە ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، بە ماڵپەڕی فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "کابینه‌ى نۆیه‌م هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونییه‌وه، سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى داراییى که به‌رۆکى گرتبوو، هه‌میشه چۆن له هه‌وڵى دابینکرنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى کوردستاندا بوو به هه‌مان شێوه‌ش له خه‌مى ئه‌وه‌دا بوو که پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى له ته‌واوى پارێزگاکان جێبەجێ بکات، ئه‌گه‌ر پارێزگاى سلێمانى به نموونه وه‌ربگرین، ده‌بینین له‌مساڵدا به‌ردى بناغه‌ى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى که یه‌کێکه له پرۆژه ستراتیژییه‌کانى پارێزگاکه و، پردى ده‌ربه‌ندى ڕانییه له ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین و، به‌دووسایدکرنى به‌شێک له ڕێگه سه‌ره‌کییه‌کانی سنووره‌که و ته‌واوکردنى ڕێگاى که‌لار-سلێمانى که تا ئێستا بڕى 55 ملیۆن دینارى بۆ ته‌رخان کراوه و ئێستاش بڕیاره بڕه پاره‌یه‌کى دیکه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه بۆ ته‌رخان بکرێت به مه‌به‌ستى ته‌واوکردنى و، پرۆژه‌ى ئاوى سلێمانى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ئاوى پارێزگاکه جێبەجێ کراون. جێبه‌جێکرنى ئه‌م پرۆژانه ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه که کابینه نۆیه‌م سه‌ره‌ڕاى له‌مپه‌ره‌کانى به‌رده‌مى مه‌به‌ستى بووه و توانیویه‌تى به‌بێ جیاوازى کار بۆ بووژاندنه‌وه و پێشخستنى ته‌واوى پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆکان له هه‌رێمى کوردستان بکات".
گوتیشى: "ئه‌مه چه‌نده‌مین جاره حکوومه‌تى هه‌رێم پاره بۆ پرۆژه‌کانى سلێمانى ته‌رخان ده‌کات، ته‌رخانکرندنى ئه‌و پاره‌یه‌ى ئێستاش که بڕه‌که‌ى (٢٤ ملیار) دیناره هه‌نگاوێکى گرنگە به ئاراسته‌ى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پڕۆژه وه‌ستاوه‌کان و جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى نوێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرۆژانه‌ى که ئێستا پێویستن بۆ هاووڵاتییان، که ده‌توانرێت خزمه‌تێکى باشى هاووڵاتییانی خۆشه‌ویستى پارێزگاکه‌یان پێ بکرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى که له ڕێگه‌ى ئه‌م پرۆژه نوێیانه‌وه ده‌توانرێت سه‌دان هه‌لی کار بۆ گه‌نجان و بێکاران بڕەخسێنرێت و له هه‌مان کاتیش وا ده‌کات بازاڕه‌کان بووژانه‌وه‌ى تێ بکه‌وێت و گه‌شه‌ى ئابوورى خێراتر بکات، چونکه جێبه‌جێکردنى هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک پێویستیى زۆرى به مه‌واد و که‌ره‌سه‌ى خاو هه‌یە بۆ ته‌واوکردنى".
سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى ڕوونیشى کرده‌وه: ''له بوودجه‌ى گشتیى عێراق (٢٠٢١) بڕى ٤ تریلیۆن دینار بۆ پاره‌پێدانى پارێزگاکانى عێراق ته‌رخان کراوه له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پارێزگاکانى کوردستان به‌رکه‌وته‌ى خۆیان ده‌بێت، ئه‌وکاتیش وه‌ک ئه‌نجومه‌نى پارێزگای سلێمانى ده‌ستیان کراوه‌تر ده‌بێت بۆ جێبه‌جێکرنى پرۆژه‌ى نوێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرۆژانه‌ى خه‌ده‌مین و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ژیانى هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه".
ئەرسەلان ئەحمەد




