٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەسرۆك.. بە گوژمەی نزیكەی 2 ملیار دینار 12 پڕۆژە ئەنجام دەدرێن

سەرچاوە: KDP.info

دھۆك-KDP.info- بەڕێوە‌بەری ناحیەی قەسرۆك رایدەگەیەنێت، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆك، بڕیاری ئەنجامدانی 12 پرۆژەی خزمەتگوزاری بە بڕی نزیكەی 2 ملیار دینار لە شارەدێی قەسرۆك دراوە و دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت.

مەهران لوقمان نێروەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆك بڕی (1,380,000,000) ملیارێك و سێسەدوهەشتا ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێكردنی زیاتر لە 12 پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان كرد، كە لە پرۆژەی جۆراوجۆر پێكدێن.

بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرۆك، ئەو پڕۆژانەی كە بە پارەكە جێبەجێ دەكرێن ئاشكرا كرد و گوتی، پڕۆژەكان بەم شێوەیە دەبن: دروستكردنی رێگای گوندی ئاشكان، شیفكاسەری و شیفكا خوارێ و چوارڕێیانی زیناوا، باجەلا كۆن و باجەلاسەركەڤرۆك و كەمێ و كۆپێ، لەگەڵ دروستكردنی رێگای ناوخۆی ناحیە و گەڕەكی 75 و هەروەها رێگای ناوخۆی كۆمەڵگەی چڕە.

ناوبراو لەبارەی پرۆژەكانەوە زیاتر گوتی، بەشێكی دیكەی پرۆژەكان بریتین لە لێدانی بیرێكی ئاو لەگەڵ دروستكردنی تۆڕی ئاو بۆ گوندی تلبزینەی هەركی و دروستكردن و ڕاكێشانی تۆری ئاو بۆ گوندی كەندێ و گوندی كەمێ لەگەڵ دروستكردنی تۆڕی ئاو بۆ گوندی مەلابروان و گەڕەكی مەسیحیان، دروستكردنی بەشێكی تۆڕی ئاو لە سەنتەری ناحیە و‌ گەڕەكی 75، دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی رێڕەوی ئاوی چەمی شینكەی و گوندی مەلابروان ، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی بنكەی وەرزش و لاوانی قەسرۆك بە شێوەیەكی جوان و سەردەمیانە.

نێروەیی دەشڵێ، سەڕەرای ئەم پڕۆژانە، بڕی (457,000,000) ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی گوندی بیباڤا لە لایەن سندووقی پەرەپێدانی عێراق/ لقی دهۆك) تەرخان كراوە، كە پێكدێت لە دروستكردنی قوتابخانەیەكی 9 پۆلی و دروستكردنی رێگای ناوخۆیی و هەڵكەندنی بیرێكی ئاو، بەمەش كۆی گشتیی پارەی تەرخانكراو بۆ ناحیەكە، كە پرۆژەی پێ ئەنجام دەدرێت، دەبێتە (1,837,000,000) ملیارێك و هەشت سەد و سی و حەوت ملیۆن دینار.

بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆك روونیشی كردەوە: "لە قۆناغی دووەمیشدا (9) پڕۆژەی ترمان ئامادە كردووە و هەر كاتێك ڕەزامەندیی لەسەر درا، ئەوانیش دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خۆمان".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار