پەرلەمانی کوردستان بۆ KDP: دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە

ھەولێر-KDP.info- کردەوەکانی داعش بە جۆرێک زیادیان کردووە، کە ئەمڕۆ لەناو کەرکووک خۆکوژێک بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو بەنیاز بوو خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پێش خۆتەقاندنەوە، تەقەی لێ کرا و تەقییەوە، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە و راپۆرتێکیان داوەتە حکوومەتی ھەرێم و بڕیارە حکوومەت دەست بە گفتوگۆ بکات لەگەڵ بەغدا.
جوان رۆژبەیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە چەندین کۆبوونەوەمان لەبارەی ناوچە کوردستانییەکان و خراپیی دۆخی ئەو ناوچانە ئەنجام داوە و رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتریش دەچێت و ھەڵبژاردن لەپێشە و ئاوارەیەکی زۆریش ھەیە، بۆیە راپۆرتێکمان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم کردووە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات، چونکە پێشمەرگە بگەڕێتەوە، گیانی ھاووڵاتیان پارێزراو دەبێت و ئاوراەکانیش دەتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا دانوستانەکان لەسەر ئەو ناوچانە دەست پێدەکەن و بۆ ھەڵبژاردنیش رێککەوتن دەکرێت".
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین پێش ھەڵبژاردن رێککەوتن بکرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە و دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم خاڵی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و سەرژمێری دەمێنێت، کە بۆ ئەویش دەکرێ پشت بە کارتی دەنگدان ببەسترێت، ئەوکات جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ئاسان دەبێت، چونکە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و دیاریش دەبێت رێژەی پێکھاتەکان بەپێی کارتی دەنگدان چەندە".
رۆژبەیانی باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق نایەوێت دان بە ناوچە کوردستانییەکاندا بنێت و ترسی ھەیە ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە و سەرژمێری بکرێت، خەڵک ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێرێت، لەبەر ئەوە ترسی ھەیە، بۆیە دەیەوێت دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە و ھەمیشە مەلەفێکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم ھەبێت.
بڵند ئیبراھیم




