د. ئاسۆ حەوێزی: چاودێریی ھاتنی ھەر ڤایرۆسێک بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەین

هەولێر-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ھاتنی ڤایرۆسی نوێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت، ھاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی ھیندی تەنیا پڕۆپاگەندەیە.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەبوونی حاڵەتی ڤایرۆسی ھیندی لە عێراق ڕەت کراوەتەوە و حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییانی خۆی بۆ ماوەی مانگێک گەشتەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە، ئێمەیش لە ھەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی ھاتنی ھەر ڤایرۆسێکی دیکە، یان شەپۆلی ڤایرۆس دەکەین و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر."
د. ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ھۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکان سەبارەت بە ڤایرۆس و پێکۆتەی ڤایرۆسەکە بکەن و لە کاتی ھەبوونی ھەر زانیارییەکدا، تا لەلایەن دەزگای پەیوەندیدارەوە پشتڕاست نەکرێتەوە، باوەڕی پێ نەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "بەردەوام چاودێریی ڕەوشی کۆرۆنا دەکەین و ھەموو ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناشەوە بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە، بەڵکوو پێویستە ھاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، خۆیان تۆمار بکەن و جیاوازیش نییە لە نێوان ئەو ڤاکسیانەی لە ھەرێمی کوردستان بەکار دێن."
قائید میرۆ




