لیژنەی دارایی: حکوومەت بەبێ جیاوازی بوودجەی جێبەجێکردنی پڕۆژە بۆ ھەموو ناوچەکانی کوردستان تەرخان دەکات

ھەولێر -KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی ٢٤ملیار و ٣١٨ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی ٢٢ پڕۆژە لە سنووری سلێمانی و جێبەجێکردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژی بۆ یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگاکە. ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بوودجە بۆ پڕۆژەکانی ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تەرخان دەکات.
ئەرشەد حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تەرخانکردنی ئەو پارەیە بۆ پارێزگای سلێمانی گرنگیی زۆری ھەیە و کاڵکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەیە کە باس لەوە دەکەن دووئیدارەیی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و، بە یەک چاو سەیرکردنی ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان؛ سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەوڵێر و دھۆک، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوەیە، بۆیە حکوومەت بەبێ جیاوازی بوودجە بۆ پڕۆژەکانی ھەموو پارێزگاکان خەرج دەکات."
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی کردەوە: "ئەمە ئەوەش دەگەیەنێت کە ھەنگاوەکانی حکوومەت لە بواری ئابووریدا سەرکەوتوو بوون و داھاتی ھەرێمی کوردستانیش زیادی کردووە."
گوتیشی: "حکوومەت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانییەوە بەردەوام دەبێت لە بووژاندنەوەی ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی."
بڵند ئیبراھیم




