٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی: فەرەنسا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

فاڕەنسا-KDP. info-  لە درێژەی کار و چالاکییەکان و وێبیناری هەفتانەیدا، لیژنەی ناوچەی لەندەنی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانداریی دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسای کرد.

دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی ئاماژەی بە پەیوەندییە دێرین و مێژووییەکانی کورد و فەرەنسا کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پزیشکان و ڕۆژنامەنووسان و وێنەگرانی فەرەنسایی کە لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕێگای وێنە و بابەتە ڕۆژنامەوانییەکانەوە گەلی کوردیان بە فەرەنساییەکان ناساند و بەرخودان و خەباتی گەلی کوردیان بە دۆکیومەنت کرد.

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکیی فەرەنسا دا لە پاراستنی گەلی کوردستان لە جینۆسایدی سەددام کاتێك لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە کۆڕەوێکی بێوێنەدا خەڵکی کوردستان ماڵوحاڵی خۆیان لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی سوپاکەی سەددام بەجێ هێشت و ڕوویان لە شاخە بەفراوی و سارد و سڕەکان کرد.

گوتیشی: "فەرەنسا ڕۆڵی سەرەکیی لە تێپەڕاندنی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پێکهێنانی نوای ئارام و دژەفڕین لە هەرێمی کوردستان بینی".

دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی گوتی: "فەرەنسا تەنها بەوە نەوەستا، بەڵکو بەشداریی کرد لە پاراستنی هەرێم لە هەرهێرشێکی ڕژێمی سەددام و هاریکاریی مرۆییی خێرای گەیاندە کوردستان و لەگەڵ هاوپەیمانان بەرپرسیاریەتیی پاراستنی گەلی کوردیان لە ئەستۆ گرت." لەو سۆنگەیەشەوە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، فرانسوا میتێران و خاتوو دانیال میتێرانی کرد کە ڕۆڵی سەرەکییان لە دابینکردنی ئەمن و ئارامیی کوردستاندا بینی.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کەوا بەهای هاوبەش لە نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسادا هەیە و هەردوو گەل چەندین شۆڕشیان بەرپا کردووە بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئازادی و بڕوایان هەیە بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پڕەنسیپەکانی دیموکراسی.

گوتیشی: "فەرەنسا پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و مافە ڕەواکانی دەکات و یەکێك بووە لەو وڵاتانەی کە زۆر خێرا بە هانای کوردستانەوە هاتوون کاتێك داعش هێرشی کردە سەر هەرێم و هاریکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە بۆ تێکشکاندنی داعش."

ئاماژەی بەوەش دا کەوا لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکی فەرەنسا ١١ جار پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و هیچ سەرۆکێك ئەوەندە لە کۆشکی ئەلیزە پێشوازیی لێ نەکراوە. گوتیشی هەڵویستی فەرەنسا لە دوای ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ و پێشوازیی فەرمی لە ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و جێگرەکەی، وەرچەرخانیکی گرینگ بوو لە شکاندنی ئابڵوقەی سیاسی کە لەلایەن بەغداوە خرابووە سەر هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: "سەرۆك ماکرۆن چاوەڕوانی ڕۆڵی کاریگەری کوردە بۆ ئەوەی سەرکردە عێراقییەکان لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ کۆ بکاتەوە بە مەبەستی باشترکردنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەو وڵاتە."

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی گوتی، فەرەنسا بە نیازە ژمارەیەك پڕۆژەی گەورە لە شنگال جێبەجێ بکات و بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالە. هاوکات ئاماژەی بە گرینگیی یەکڕیزی و یەکدەنگیی گەلی کورد دا و گوتی، ئەو بابەتە لای فەرەنساییەکانیش زۆر گرینگە و بە بەردەوامی تەئکیدی لەسەر دەکەنەوە.

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار