٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابەكر زێباری هۆشداری لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانەوە دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی رایدەگەیەنێت، ئەگەر ھەرێم و بەغدا لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانەوە بگەنە رێككەوتن، ھەموو كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دۆخەكە خراپتر و زۆریش مەترسیدار دەبێت.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، داواكاریی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لەبارەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكان بگەنە رێككەوتن، زۆر گرنگە، ھەم بۆ ھەرێمی كوردستان و ھەمیش بۆ حكوومەتی عێراق، بۆیە پێویستە لیژنەی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بكەن، بۆ ئەوەی كێشەكان بە ھاوبەشی چارەسەر بكەن.

زێباری گوتیشی، زۆر ھۆكار ھەن بۆ ئەوەی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانەوە سەركەتوو نەبێت، چونكە ھەندێك گرووپ ھەن نایانەوێت ئەو ناوچانە ئارام بن، بۆیە ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ كرابایە، ھەموو كێشەكان بە یەكجاری چارەسەر دەبوون، هەروەها سنوور دیار دەبوو و ژمارەی دانیشتووان دەردەكەوت و ژمارەی كورسییەكان و رێژەی ھێزەكانیش ھەمووی دیاری دەكرا.

راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، ھەموو لایەنەكان لەو ناوچانەدا ھێزیان ھەیە و بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، ئەوانەش ھەموو چەكبەدەستن، بۆیە دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت و مەترسیدار دەبێت، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و بە زووترین كات چارەسەر نەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم   

 

هەواڵی پەیوەندیدار