قاسم شەشۆ: شنگال بۆمبێكی تەوقیتكراوە

شنگال-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال رایگەیاند، ڕەوشی شنگال زۆر خراپە و داعشەكان هاتوونەتە دەوروبەری شنگال و حكوومەتی عێراقیش چاوپۆشی لە هاتنەوەیان دەكات، بۆیە لە ئێستادا شنگال بۆمبێكی تەوقیتكراوە.
قاسم شەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، پەكەكە و حەشدی شەعبی، ڕێگەیان بۆ داعشەكان كردووەتەوە و هەموو ئەوانەی هاتوونەتە ئەو ناوچانەی دەوروپشتی شنگال، دەستیان لە كۆمەڵكوژی و شەهیدكردنی كوردانی ئێزدیدا هەبووە.
شەشۆ گوتیشی، سەركردەی ئەو داعشانەی هاتووون، ناویان لە لیستی داواكراودا هەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق توانای دەستگیركردنیانی نییە، لە كاتێكدا چەندین جارە ڕووداوی كوشتن و دزیكردن دووبارە دەبنەوە و هەر ئەوانیش هۆكارن.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال ئاماژەشی دا، ڕەوشی شنگال زۆر خراپە و خراپتریش دەبێت، دەبێ هەموو جیهانیش تێبگات، هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵك بۆ شنگال، نەبوونی ئارامی و سەقامگیرییە لەم شارەدا، لە ئێستاشدا شنگال وەك بۆمبێكی تەوقیتكراوە و كەس نازانێ كەی دەتەقێتەوە.
كــاروان بــاعەدری




