٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەیەكی گەشتیاری و بازرگانی و كولتووری لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا لە شاری سلێمانی پڕۆژەیەكی گەشتیاری و بازرگانی و كولتووری  بە ناوی (سلێمانی وۆك) جێبەجێ دەكرێت. دەشڵێت، پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە، گرنگیی تایبەتی دەبێت لە ڕووی گەشەی ئابوورییەوە، چونكە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی بە بازاڕی نێودەوڵەتییەوە دەبەستێتەوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، پرۆژەی (سلێمانی وۆك) لە پارێزگاكە جێبەجێ دەكرێت، پرۆژەكەش شارێكی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتیاری و كولتووری لە خۆ دەگرێت، كە هەنگاوێكی گەورەیە بۆ زیاتر پێشخستن و بەرەوپێشچوونی بواری وەبەرهێنان و بووژانەوەی لایەنی ئابووری و گەشتیاری لە سلێمانی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر لە بەردەم وەبەرهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، لەدوای دابینكرنی زەویی پێویستیش بۆ پرۆژەكە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكرێت".

پارێزگاری سلێمانی روونیشی كردەوە: "پرۆژەیەكی لەم شێوەیە، گرنگیی تایبەتی بۆ بواری ئابووری و گەشەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی هەیە، چونكە پڕۆژەكە ئێمە بە بازاڕی نێودەوڵەتی دەبەستێتەوە، هەروەها دەبێتە هاندەر بۆ ڕاكێشانی وەبەرهینەر و كۆمپانیای دیكەی بیانی و، متمانەی كۆمپانیا دەرەكییەكانیش بە ژینگەی ئابووری و لایەنی ئەمنی زیاتر ببێت، بەدەر لەوەش بڕیارە بەشێكی چەند بانكێكی نێودەوڵەتی لە نێو پڕۆژەكە بكرێنەوە، كە ئەمەش متمانەی بانكی دروست دەكات، گرفتی ئێمەش لە ڕابردوودا نەبوونی بانكی باوەڕپَێكراو و هەروەها نەبوونی سیستی بیمە بووە لە كەرتی وەبەرهێناندا".

دەشڵێ: "(سلێمانی وۆك) لە لایەن هەردوو گروپی كۆمپانیاكانی قونسڵ كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە، لەگەڵ كۆمپانیایەكی دیكەی بیانی دروست دەكرێت، بە تەواوبوونیشی رۆڵی بەرچاوی دەبێت بۆ فەراهەمكردنی دەرفەتی كار و ڕاكێشانی گەشتیار، ئەو كەسانەی كە بازرگانی دەكەن لە هەمان كاتیشدا دەتوانن لەوێ نیشتەجێش بن، ئەمە جگە لەوەی بازِاڕێكی گرنگ دەبێت بۆ ساغبوونەوەی كەرەستە و كەلوپەلی ناوخۆیی".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار