ئانۆ جەوھەر: کێشەی زەویی کریستیانەکان کۆتاییی دێت

هەولێر-KDP.info- دوای چەندین ساڵ لە ھەبوونی کێشەی زەویی کریستیانەکان، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویی کریستیانەکان پێک ھاتووە و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، ئەم جارە کێشەکە بە تەواوەتی چارەسەر دەکەن.
ئانۆ جەوھەر، ئەندامی لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەی زەویی کریستیانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەندین ساڵە بەشێک لە ھاووڵاتییانی کریستیان کێشەی زەویوزاریان ھەیە و دەیانەوێت کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت، کێشەی زەویی کریستیانەکان لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کریستیان تێیاندا نیشتەجێن، ھەیە و، کێشەکان ھەمەجۆرن، لەوانە قەرەبووکردنەوە و دەستبەسەرداگرتن و زێدەڕۆیی بۆ سەر زەویی کریستیانەکان."
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵا گوتیشی: "بە فەرمانی کاک مەسروور بارزانی لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و ئەندامیەتیی شەش وەزیری پەیوەندیدار پێک ھاتووە و لیژنەکە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویی کریستیانەکان دەکات، لەبەر ئەوەش، بە چەند قۆناغێک ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی دەنێین یەک لەو ھەنگاوانە دروستکردنی لیژنەی لاوەکییە لە یەکە ئیدارییەکان و، دووەم هەنگاو دەرفەت دراوە تا ئامار و داتای دروست لەبارەی کێشەی زەویی کریستیانەکان کۆ بکرێتەوە."
ئانۆ جەوھەر کە ھاوکات وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە دەڵێت: "دوای کۆکردنەوەی ئامار و سکاڵای خاوەنزەوییەکان، یەک بە یەک چارەسەریان بۆ دەکەین و ئەم جارە کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر دەکەین و ھەرکەسە و دەگات بە مافی خۆی، ئەوانەی زەوییان داگیر کراوە بۆیان دەگەڕێتەوە و ئەوانەی قەرەبوو نەکراونەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە و ھەموو کێشەکانیان کۆتاییی دێت".
قائید میرۆ




