د. بەشیر: شاندێكی ھەرێم دێتە بەغدا.. د. فازڵ: تەنھا جێبەجێكردنی ماوە

ھەولێر-KDP.info- شاندێكی ھونەریی وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا و دانانی میكانیزمێك بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی بەغدا دەكات، چونكە ھەرێم و بەغدا پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنەكە راگەیاندووە و ھیچ كۆسپێك لە بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا نییە.
د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھەر كاتێك دەست بە دابەشكردنی پشكی پارێزگاكانی عێراق كرا، پشكی ھەرێمی كوردستانیش پێویستە رەوانە بكرێت، چونكە بودجە بووەتە یاسا و ھیچ بەربەرستێكیش لە بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی یاسای بودجەوە نییە و جێبەجێ دەكرێت، لەبەر ئەوەی ھەردوولا پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە".
حەداد گوتیشی: "بۆ جێبەجێكردن و دانانی میكانیزمێك بۆ رێككەوتنەكەی ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە و ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان و پابەندبوونی ھەرێمی كوردستان، بڕیارە شاندێكی ھونەریی وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، كە پێویستە بەغداش پشكی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەر چوار مانگی ئەمساڵ رەوانە بكات، چونكە بودجەكە بۆ ساڵێكە، نەك چەند مانگێك".
لای خۆشیەوە، د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، جێبەجێكردنی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا، ھیچ كێشەیەكی لە بەردەمدا نییە و تەنیا ئەوەی دەوێت شاندێكی ھەرێم بچێتە بەغدا بۆ چۆنیەتیی خەرجكردن و دانانی ئالیەتێك بۆ خەرجكردنی، بۆیە گرنگە پەلە بكرێت لە چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا".
ناوبراو دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق لەمەودوا دەست بە جێبەجێكردنی پشكی پارێزگاكان دەكات و پێویستە پشكی ھەرێمیش لەو چوارچێوەیەدا خەرج بكات، چاوەڕێش دەكرێت ناردنی پشكی ھەرێم بكەوێتە مانگی داھاتوو، بەڵام چەند زوو ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە باشترە، چونكە رێككەوتن ھەیە و یاساش پەسەند كراوە و تەنھا جێبەجێكردنی ماوە".
بڵند ئیبراھیم




