٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سوریا لە نێو گەمە هەرێمایەتییەکاندا

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

هەلومەرجی سیاسی و توندتویژی و کوشتن لە سوریا بە شێوەیەکی نا سروشتی درێژەی کێشا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ساردی و بە وریایی و هەندێکجاریش پشتگوێخستنەوە سەیری رووداوە خوێناوییەکانی نێو سوریا دەکات. کێشەی سوریا کێشەی زۆر لە وڵاتەکانی ناوچەکەشە، تەنیا ئەو وڵاتانەی تازە لە دیکتاتۆر و رژێمە سەرکوتکارییەکان دەربازیان بوونە، خەریکە رووبەروی هەمان کێشە دەبنەوە کە جەماوەری برسی و سەرکوتکراو لەپێناوی راپەڕین. ئەویش مەسەلەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتە لەلایەن گروپێک  و کەسێک و رەوتێکی سیاسی دیاریکراو و ئایدیۆلۆژیایەکی لە قاڵبدراو. دیارە ئەمە بەشێکی سەرەکی ئەو هۆکارانەن کە دکیتاتۆرەکان چارەنووسی خۆیایان کردە قوربانی. هەروەها هەمان سیستەمی تاکرەویانەیە کە کاولکاری و ملهوڕی دژی وڵاتەکانیان هێنا.

سوریا گەیشتۆتە ئاستێک کە بەئاشکرا هێزە نێودەوڵەتی و وڵاتە بەهێزەکان و هێزە هەرێمایەتییەکان لە گردبوونەوەن لەپێناو سازشکردن لەسەر چارەنووسی خەڵکی راپەڕیوو، هەروەها چارەنووسی رژێمی بەعس و خانەوادەی ئەسەد. ئەمەریکا و  روسیا بە ئاشکرا دەیانەوێت بۆچوونەکانیان لە پێناو پاراستنی ستراتیژیەتی خۆیان لە سوریای دوارۆژ بپارێزن. هەروەها ئێران و سعودییەش بەهەمان شێوە نەک هەر تەنیا بەرژەوندییەکانیان زامن بکەن. بەڵکە ئەوان دەیانەوێت دوارۆژی سونە و شیعەش لە سوریا و رکابەرییەکانی دوای نەمانی بەشار ئەسەدیش هەر لە ئێستاوە یەکلابکەنەوەو ئەگەر پێیان بکرێت هەریەکە لە هەنووکەوە بەشی خۆی گڕبدات . تورکیا و قەتەریش هەریەکە بە ئاراستە و لە روانگەیەکەوە دەیەوێت سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکانی ناو سوریا بکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشیش بەهەمان شێوە لە روانگەی پاراستن و رێزگرتنی وڵاتە بەشدار و زلهێزەکان لە چارەنووسی راپەڕین و رووداوە گەرمەکانی سوریا دەڕوانێت و لەهەمان گاڤیشدا رووداوە خوێناوی و ترسناکەکان  بە کارەسات و قەیران وەسف دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت لە پێناو پاراستنی نێوبانگی خۆیان، بایەخ بە ژیان و چارەنووسی لێقەوما و ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا  و ئوردن و لوبنان  و عێراق و کوردستان بدەن. کۆمەکی دارایان بۆ کۆدەکەنەوە.

گرینگ لەم کێشانە هێزە هەرێمایەتییەکان پێگە و کاریگەریان لە ناو روداو و ئاراستەی کێشەکان بەقەد رکابەریی و فشارە ناوەخۆییەکان ئەگەر  زۆرتر نەبێت هیچی لە پارسەنگی گۆڕانکارییەکان کەمتر نییە. قەتەر وەکو چۆن لە لیبیا و میسر رۆلی گیڕا و ئەم دەوڵەتە بجووکە دەیەوێت ببێتە خودانی هێز لە گۆڕانکارییەکان  وترسیشی بەقەد سعودییە لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیخوانییەکان نییە، ئەوهاش لە سوریا دەیەوێت  لەسوریا وەکو هێزێکی ناوەندی و کاریگەر  رۆل بگێڕێت، بەڵام رەنگە ئەوە سەرنەگرێت، چونکە ئێران رێگری سەرەکی  و بەهێزە و نایەوێت هاوپەیمانەکەی وەها بە سانایی بڕوات و سوریا بکەوێتە دەست هێز و وڵاتێکەوە کە دوور دەبێت لە ئێران و هاوپەیمانەکانیشی لە لوبنان و ناوچەکە گورگ خواردوو دەکرێن.

تورکیاش بەهەمان شێوە هێندەی ئێستا بیر لە دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی و پێشگری لە بەرەو پێشەوەچوونی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا دەکاتەوە، ئەو گەرموگوڕی  و ئامادەییەی تێدا بەدی ناکرێت کە لەسەرەتای رووداوەکان پیشانی دەدا.

سعودییە نایەوێت لە هاوپەیمانی شیعە نزیک بێتەوەو لەهەمان کاتیشدا بروای بە بزاڤە سەلەفی  و ئیخوانییەکان نییە، کە رەنگە دوای نەمانی ئەسەد ببنە هێزی سەرەکی لە ناو سوریا. سەرباری ئەوەش سعودیە بیر لە پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێران لە کەنداو بکات و دەبێت لە گەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ئەوروپا فشارەکان کەمبکەنەوە.

کەواتە پێش هەر شتێک ئێرانیش دەیەوێت کێشەی چەکی ئەتۆمی و ئابلوقە و سزاکان دژی خۆی وەکو بەشێک لە بەرنامەی دانوستان لەگەڵ هێزە نێو دەولییەکان و هەرێمایەتییەکان بۆ چارەسەری کێشەی سوریا بەکاربهێنێت، تەنیا لەم رۆژانە راشکاوانە داوای لە میسر کردووە، بەرەو ئاراستەیەکی ئیسلامی یەکلاکەرەوەی وەکو ئێران هەنگاو بنێت و مل نەداتە ئیسرائیل و رۆژئاوا.. کەواتە ئێران بیر لە درێژکردەنەوەی سنوری بەرژەوەندییەکانی و فرەکردنی بەرەی ئیسلامی دژی رۆژئاوا و ئەمەریکا دەکاتەوە.

ئایا روسیا و رۆژئاوا و ئەمەریکا خەڵکی سەرکوتکراوی سوریا دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان و دەستی بەشار ئەسەد لە کوشتن و کاولکردنی سوریا بە کراوەیی جێدێلن؟ یاخود بڕیارێک دەدەن و سەرلەنوێ ستراتیژێکی نوێ لە پێناو ئاشتی جیهانی و سەرتاسەری دادەڕێژنەوە، یانژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو کۆمەڵێک کێشەی نوێی  مەزهەبی و نەژادی و قڕکردن بەجێدێل. تا ئەو کاتەی رەوشێکی دیکەی ئابوری نوێی جیهانی یاخود قەیرانێکی دیکە سیاسی و نێودەولەتی دروست دەبێت؟.

ئاراستەکان پێناچێت بهێلن ئەسەد تا دیماهی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، لەهەمان کاتیشدا نایانەوێت سوریا بدەنە دەست ئیسلامییە توندڕۆکان، چونکە ئەمە نە سعودییە و نە ئەوروپا و روسیا قبولی دەکەن، هەروەسا ئێرانی ئیسلامیش قبولی ناکات عەلەوییەکان بکەونە ژێر دەستی سونییەکان و دۆستەکانی تورکیا. کەواتە کێشەکە چارەنووسی ئەسەدە نەک چارەنووسی گەلی سوریا و مەسەلەی دیموکراسی و بنەبڕکردنی سیستەمی شمولی کە دەیان ساڵە خەڵک ئازاری بەدەستەوە دەکێشێت.

لەبەر ئەوە پێش ئەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا خۆی بداتە دەست، دەبێت وڵاتە جیهانییەکان سازشێکی ئاشکرا لەهەمەبر یەکتر بکەن، هەروەها وڵاتە هەرێمایەتییەکانیش رێککەون لەپێناو دابەشکردن و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لە سوریای دوارۆژدا..

هەواڵی پەیوەندیدار