٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشەنگ محەمەد: هەرێمی کوردستان هاوکاریی ٨۰۰ هەزار ئاوارەی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هەرێمی کوردستان لەو ساتەی شەڕی تیرۆر و داعش دەستی پێ کردووە، باوەشی خۆی بۆ ئاوارە عەرەبەکانی خوارووی عێراق و کوردانی سووریا و ئیزدییەکان کردووەتەوە و ئاسایشی بۆ دابین کردوون و بەپێی توانای خۆی خزمەتگوزاریی پێشکەش کردوون. بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانیش دەڵێت، تا ئێستا نزیکەی ٦۷۰هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون، زۆرێک لەم ئاوارانە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام هۆکاریان هەیە، پلانێکی تایبەت نییە و پاڵپشت ناکرێن و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش دەڵێت، بودجەمان نییە هاوکاریی ئەم ئاوارانە بکەین، تا بیانگەڕێنینەوە.

لە سەرەتای هاتنی داعش و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی عێراق و شەنگال لە ۲۰۱٤ـوە بەتایبەت هەرێمی کوردستان بوو بە لانکە و ماڵی ئاوارە عەرەبەکانی خوارووی عێراق و کوردانی سووریا و ئیزدییەکان، هەرێمی کوردستانیش بە هەموو توانای خۆی و لە قەیران و شەڕی داعش و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ڕێکخرای تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی، شوێنێکی ئەمان و ئاسایشی بۆ ئەم ئاوارە و خێزانانە دابین کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەمپیان بۆ کردنەوە و داڵدەی دان.

پەیوەست بەمە، هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگیی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا نزیکەی ٦۷۰هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماوە، ئاوارەی ناوخۆن، ژمارەی هەرە زۆریان، سەدا ٦٥ی ئاوارەکانی تەواوی عێراق لە هەرێمی کوردستانن، لەو ٦۷۰هەزارەش ژمارەیەکیان لە ۲٦ کەمپ نیشتەجێ کراون، ١٦ کەمپیان لە دهۆکە، ٦ لە هەولێرە و ٤ـیان لە سلێمانییە، ئەوانی تریش سەدا ٨۰ـیان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، سەرەڕای ئاوارەکانی ناوخۆش ۲٦۰هەزار پەنابەرمان هەیە، کە پەنابەری ئێران و تورکیا و فەڵەستینن و لە هەرێمی کورستان میوانداری کراون، ئەوانیش سەدا چلی پەنابەرەکان لە ۱۰ کەمپ نیشتەجێ کراون، سەدا ٦۰یشیان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانن و لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردستان دەژین."

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی دەستی تیرۆر، هۆشەنگ محەمەد گوتی: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان ئارەزوومەندانەیە و لە ساڵی ۲۰۱٦ هەتاوەکوو ئێستا وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی نزیکەی ٨۰۰هەزار ئاوارەی ناوخۆمان کردووە کە لە هەرێم بوونە و گەڕاونەتەوە، ئەو ژمارەیەی کە ئێستا ماوە ژمارەیان ٦۷۰هەزار کەسە، هۆکاری نەگەڕانەوەی ئەم ژمارەیە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان خۆشە و هەست بە ئەمن و ئاسایش دەکەن و بە بەردەوامی خزمەتگوزاری وەردەگرن، هەست بە ئەمان دەکەن لە گشت ڕووەکانەوە و ڕێزیان دەگیرێت لە کوردستان، زۆربەشیان ئارەزوویان هەیە بچنەوە، بەڵام هۆکاری تریش هەن، لەوانە تا ئێستا ناوچەکانیان ئەمانی تێدا نییە و بەردەوام گرووپە تیرۆریستەکان چالاکی دەکەن، شارەکانیان و خانووەکانیان خاپور بووە و خزمەتگوزاریی پێویست لەم ناوچانە نییە و پاڵپشتی و پلان و بەرنامەی پێویستیش بۆ گەڕانەوەیان نییە، ئەمانە هۆکارن کە ئەم ژمارەیە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بمێنن، هەندێکیشیان ڕێگایان پێ نادەن بڕۆنەوە، گرووپە چەکدارکانی ئەو ناوچانە ڕێ بەم خێزانانە نادەن بچنەوە شوێنەکانی خۆیان، بۆ نموونە، ڕێککەوتنی شنگال کرا، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە سەری گرتبا، خێزانێکی زۆر لە ئیزدییەکان دەیانتوانی بگەڕێنەوە، ئێمەش دەمانتوانی یارمەتیی ۲٥۰هەزار ئاوارە بدەین، بەتایبەت ئیزدییەکان کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و جێگەی خۆیان."

ئەو بەڕێوەبەرەی هەماهەنگیی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان گوتی: "لە ۲۰۱٦ بڕیارێک هەبوو لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە، هەر خێزانێک ملیۆنێک و پێنج سەد هەزایان پێ بدرێت دوای گەڕانەوەیان، بەڵام لە ۲۰۱۹ـوە تا ئێستا ئەم بڕیارە ڕاگیراوە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، بوودجەمان نییە و پارەمان بەردەست نییە، بڕیارەکە ماوە تا ئێستا، بەڵام خێزانێکی زۆر ماون و سوودمەند نەبوون لەم هاوکارییە، بەتایبەت ئەمساڵیش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، بوودجەمان زۆر کەم کراوەتەوە و ناتوانین خۆراکیش دابین بکەین، بەڵام هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی کە لە قەیرانیشدا بووە، خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی زۆری بەم ئاوارانە داوە و وەک میوانێک ڕێزی لێ گرتوون، هەمیشە بەردەوامن و ئەمن و ئاسایش و خوێندن و پاکوخاوێنی و خزمەتگوزاریی ئاوی پاک و تەندروستی و هەموو ئەم خزمەتگوزارییانەمان دابین کردووە و وەک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون، بە هەماهەنگیش بەردەوامین لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردن و بەردەوامیدان بە خزەتگوزارییەکان."

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار