نه‌وزاد کامیل: ماوه‌ى چوار مانگى ڕابردووى ئه‌مساڵ 400 مامه‌ڵەى بازرگانى لەگەڵ ئێران کراوه

هەولێر -PDK.info- به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى بازرگانیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت، به‌راورد به ساڵى ڕابردوو ئه‌م کاته ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران به شێوه‌ى به‌رچاو زیادی کردوووه، به شێوه‌یه‌ک له ماوه‌ى چوار مانگى ڕابردووى ئه‌مساڵدا ٤٠٠ مامه‌ڵەى بازرگانى له بواره جۆربه‌جۆره‌کانى بینه‌سازى، ئاژه‌ڵدارى و، بابه‌ته خۆراکییه‌کان له نێوان هه‌ردوولادا کراوە.
نه‌وزاد شێخ کامیل، به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى بازرگانیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "به‌هۆى نزیکیى سنوورى جوگرافى و ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رده‌وامه‌ى که له نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا هه‌بووه، هه‌میشه په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابورییه‌کان گه‌شه و پێشکه‌وتنیان به خۆوه بینیوه، ئه‌گه‌ر ساڵى ڕابردوو به‌راورد به ئێستا وه‌ربگرین، ته‌نها له ماوه‌ى ٤ مانگى ڕابردووی ئه‌مساڵ (٢٠٢١)دا توانراوه ٤٠٠ مامه‌ڵەى بازرگانى له بوارى هاورده و هه‌نارده‌دا بکرێت، کاڵاکانیش زیاتر له بوارى خۆراک، کانزا‌کان، بینه‌سازى و کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریدا بووه، ئه‌م داتایه ده‌ری ده‌خات که سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایى و ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئاستى بازرگانیمان گه‌شه‌ى به‌رچاوى به خۆوه بینیوه، ئێستا جموجۆڵى بازرگانى له هه‌رچوار ده‌روازه سنوورییه‌که‌ى هه‌رێمه‌وه، له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیاش به‌رده‌وامه".
ناوبراو گوتیشى: "ته‌واوى ئه‌و شمەک و کاڵایانه‌ى که له ده‌روازه فه‌رمییه‌کانه‌وه دێنه هه‌رێمى کوردستان به کواڵێتیى کۆنترۆڵدا تێپه‌ڕ ده‌بن و له‌لایه‌ن چاودێریى بازرگانییه‌وە پشکنیان بۆ ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌مه نه‌یکردووەته ئه‌وه‌ى ڕێگه له هاتنى شمەک و مه‌وادى خراپ و ماوەبه‌سه‌رچوو بۆ نێو بازاڕه‌کانى ئێمه بگیرێت، چونکه هه‌رێمى کوردستان سنوورێکى جوگرافیی به‌رفراوانى له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى هه‌یه که ١١٦٠ کیلۆمەترە و، زۆر جار بازرگانانی بۆ خۆدزینه‌وە له ڕسوومات و باج به نایاسایى و به قاچاخ که‌لوپه‌ل هاوردە ده‌که‌ن، بۆیه کۆنترۆڵکردنى ئه‌م سنووره هه‌روا ئاسان نییه، ئه‌رکى پاسه‌وانى سنووره چاودێرى و هه‌وڵەکانیان چڕ بکه‌نه‌وه بۆ ڕێگری‌کردن له‌و که‌سانه‌ى که ده‌یانه‌وێت به ڕێگاى قا‌چاخدا شمه‌ک و کاڵاکانیان هاورده بکه‌ن، بێگومان وه‌زاره‌نى بازرگانیى هه‌رێمیش له‌و ڕووەوە درێغیى نه‌کردووه.''
سه‌باره‌ت به کردنه‌وه‌ى ئه‌و بازاڕه‌ى که بڕیار بوو له مانگى ڕه‌مه‌زاندا بکرێته‌وه تا له ڕێگه‌یه‌وه کۆنترۆڵى نرخى خوارده‌مه‌نى و کاڵاکان له بازاڕه‌کانى کوردستاندا بکرێت، به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى بازرگانیی حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕوونی کرده‌وه: "له سه‌ره‌تاى مانگى ڕه‌مه‌زانەوە وه‌ک وه‌زارەتى بازرگانى پێشنیارى کردنه‌وه‌ى بازاڕێکى له‌م شێوه‌یه‌مان خسته به‌رده‌م بازرگانان که به سوپاسه‌وه ئاماده بوون، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ڵکشانى ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا، لەگەڵ لیژنه‌ى باڵاى ته‌ندروستى بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى کۆرۆناوا به‌باشمان زانی له‌پێناو دروستنه‌بوونى قه‌ره‌باڵخى و پاراستنى گیانى هاووڵاتیاندا بازاڕه‌که نەکرێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، وه‌زاره‌تى بازرگانى له ڕێگه‌ى تیمه‌کانییه‌وه چاودێریى توندى بازاڕه‌کان ده‌کات و هه‌رکه‌سێک سه‌رپێچى بکات و نرخ به‌رز بکاتەوە، ڕووبه‌رووى سزاى توندى یاسایى ده‌کرێته‌وه".
ئەرسەلان ئەحمەد




