لە سلێمانی و دهۆك دوو پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆ و كارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە جێبەجێ دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە ھەمان شێوەی ھەولێر، دوو پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆ و كارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە لە سلێمانی و دھۆك جێبەجێ دەكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندی دراوە، كە ساڵانە گەنمی جووتیاران دەكڕن و دەكرێتە جۆرەھا دانەوێڵە لە ڕێگەی چەندین كارگەوە، بۆ ئەوەی گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت.
موخلیس سەلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە شاری ھەولێر پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆ و چەند كارگەیەكی دانەوێڵە جێبەجێ کرا، ڕەزامەندی دراوە كە لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆكیش ھاوشێوەی ھەولێر دوو پڕۆژە جێبەجێ بکرێت.''
سەلیم گوتیشی: "مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لەو سێ پارێزگایە ئەوەیە كە گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت و گەنم بكڕدرێت و لە كارگەكان بۆ دروستكردنی بەرهەمەكانی دانەوێڵە بەكار بھێندرێت، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆییمان ھەبێت و پشت بە بەرھەمی دەرەوە نەبەستین".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەمان وەبەرھێنەرانی سلێمانی و ھەولێر، بە ھاوبەشی پڕۆژەكان لە ھەرسێ پارێزگاكە جێبەجێ دەکەن، ئەوەی ھەولێر دەستی پێ كردووە و ئەوانەی سلێمانی و دھۆكیش ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و دەست بە دروستكردنیان دەكرێت، بەڵام گەورەییی قەبارەی پڕۆژەکان بۆ ھەر پارێزگایەك بە گوێرەی پارێزگاكەیە."
پڕۆژەكەی ھەولێر كە دەستی پێ كردووە و، خۆی لە ٢٠ سایلۆی گەورەدا دەبینێتەوە، كە لە قۆناغی یەكەمدا ھەر سایلۆیەك توانای ھەڵگرتنی پێنج ھەزار تۆن گەنمی ھەیە و لە توانایدایە سێ ھەزار كەس لە دەرچووان و دەستی كار بخاتە سە ڕ ئیش، جگە لەوەش چەندین كارگەی بەرھەمھێنانی ئارد و ساوار و بڕوش و عەلەفی دەواجن و مەعكەڕۆنی و بنەتۆی جووتیاران لەو سایلۆ و كارگانەدا بەرهەم دەهێنرێت. ٨٥%ی پڕۆژەكەی ھەولێر تەواو بووە.
بڵند ئیبراھیم




