٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مووسڵ.. ئەمڕۆ دەست بە هەنگاونان بۆ رێكارەكانی ئاوەدانكردنەوەی دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ نووسینگەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش لە شاری مووسڵ دەكرێتەوە. دەشڵێ، نزیكەی 2 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری مووسڵ تەرخان كراوە.

شێروان جەمال دووبەردانی،‌ بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری مووسڵ نووسینگەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش ‌بە ئامادەبوونی د. سەباح موشەتەت، سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكرێتەوە، كە سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرشتیی دەكات.

دووبەردانی گوتیشی،" لیژنەیەكی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ پێك هێنراوە بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و، ژمارەیەك وەزیری پەیوەندیدار و د.سەباح موشەتەت و پارێزگار و جێگری پارێزگاری مووسڵ، بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی كە لە بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بۆ مووسڵ تەرخان كراوە، لەگەڵ ئەو قەرزانەی حكوومەت دەیكات بۆ عێراق، كە پشكی پارێزگای نەینەوای تێدایە، هەروەها ئەو پارەیەی كە بۆ هاوكاریی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كۆنفرانسەكانی كوێت و وڵاتی تر دابین كراوە،  لەگەڵ پشكی پارێزگای نەینەوا لە سندووقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش كە 28 لەسەدی پارەكەی بۆ شاری مووسڵ دەبێت، تا بەو هەموو پارەیە شاری مووسڵ ئاوەدان بكرێتەوە.

ناوبراو گوتیشی، كۆی گشتیی هەموو ئەو پارەیەی كە بۆ شاری مووسڵ تەرخان كراوە لە بودجە و سندوقی ئاوەدانكردنەوە و هاوكارییەكانی وڵاتان و قەرزەكان، نزیكەی 2 ملیار دۆلار دەبێت، دوای كردنەوەی نووسینگەكەش، ئەمڕۆ دەست بە هەنگاونان بۆ رێكارەكانی ئاوەدانكردنەوەی شاری مووسڵ دەكرێت.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار