مانگانە نزیکەی ٢٠ پڕۆژە لەسەر ئەرکی شارەوانی زاخۆ دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە

زاخۆ-KDP.info- ئێستا ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شارۆچکەی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن و سەرۆکی شارەوانیی زاخۆش دەڵێت، دوو لەو پرۆژانە ستراتیژین و پڕۆژە بچووک و مامناوەندییەکانیش بە داھاتی شارەوانییەکان جێبەجێ دەکرێن.
ئەندازیار ولات سەعدی، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری شارەوانیی زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری خراونەتە بواری جێبەجێکردن و بەپێی پلانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ مانگانە ١٥ تا ٢٠ پڕۆژە لەسەر داھاتی شارەوانییەکان لە سەنتەری شارۆچکەی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکانیش پێک ھاتوون لە قیڕتاوکردنی شەقام و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ئاوەڕۆ و پارک و باخچە و ھەموو ئەوانەی گرێ دراون بە شارەوانییەوە."
سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ گوتیشی: "لە ئەنجامی سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زاخۆ دوو پڕۆژەی ستراتیژی لەنێو زاخۆ ڕەزامەندییان لەسەر درا و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنن، ئەوانیش دروستکردنی چەند شەقامێکی سەرەکی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی باران لە زاخۆ."
ئەندازیار ولات سەعدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شارەوانیی زاخۆ پێشتر پلە یەک بووە لە ڕیزبەندیی شارەوانییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا کراوەتە پلە نایاب و ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە وەزارەتی شارەوانی، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی زاخۆ بکرێت."
قائید میرۆ




