٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخاڵق: بە ھۆی جموجۆڵی داعشەوە ھاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەكانیان زیاد كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش باس لەوە دەكات، لەم مانگەدا ٢٩ ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجام داوە، كە رێگریی لە ئەنجامدانی ٣٦ كردەوەی تیرۆریستی كردووە، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆش لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێ، بە ھۆی زیادبوونی جموجۆڵی داعشەوە، ھاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەكانیان زیاد كردووە، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق چارەسەری دۆخەكە نەكات، خراپتر دەبێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بێگومان ئەو رێژە زۆرەی ئۆپەراسیۆنی ھاوپەیمانان دژی داعش لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش زۆر بووە و كردەوەكانیان و جموجۆڵیان زیادی كردووە، ئەمەش وای كرد ھاوپەیمانان زیاتر گورزەكانیان لە داعش بوەشێنن، بە تایبەت لە ناوچەكانی تكریت و دیالە و ئەو ناوچانەی جموجۆڵیان زۆرە، كە ھێرشی سەر ھێزی عێراقی و حەشدی شەعبی دەكەن، ئەو ئۆپەراسیۆنانەش زیاتر بە ھاوبەشی لە نێوان ھێزە عێراقییەكان و ھاوپەیمانان ئەنجام دراون".

تەڵعەت ڕوونیشی كردەوە: "بە رای ئێمە، پێویستە ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و ھێزی عێراقیدا ھەیە، پڕ بكرێتەوە و ئەگەر پڕ نەكرێتەوە، دەبێ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەباشیدا بێت، لە كاتێكدا ھەر حاڵەتێك ھەبێت بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە و ئینجا مەرج نییە ھێزەكانی داعش بن، ھەر ھێزێك بیەوێت ئارامیی ھەرێم تێكبدات، پێویستە ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا بێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو ھێرشانە و رێگە بە داعش و گرووپە چەكدارەكان نەدات كە بیانەوێت ئارامیی ھەرێم تێكبدەن و وەڵامیان بدەنەوە".

دەشڵێ، ئەو رێككەوتنانەی پێشتر لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر دروستكردنی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كرابوون، تا ئێستا جێبەجێ نەكراون.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار