٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە سەرپەرشتیی (یوئێن) گفتوگۆ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەستی پێكردەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، گفتوگۆكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لە نێوان پێكھاتەكان بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دەستیان پێكردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێش ھەڵبژاردن بگەینە رێككەوتن، چونكە دۆخی ناوچەكە زۆر مەترسیدارە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گفتوگۆكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نێوان پێكھاتەكاندا دەستیان پێكردووەتەوە و ئومێد دەكەین بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ئێستاش لەو خاڵە دەستمان پێكردووەتەوە، كە پێشتر گفتوگۆمان لەسەر دەكرد، ئەویش پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانە".

عەبدوڵڵا ڕوونیشی كردەوە: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین پێش ھەڵبژاردن بتوانین بگەینە رێككەوتن و دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، چونكە دوای پەسەندكردنی بودجە، دەست بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت، بۆیە ھەموو لایەك ھەوڵ دەدەن پێش ھەڵبژاردن دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە".

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، دۆخی ئەو ناوچانە زۆر مەترسیدار بووە و داعش جموجۆڵ و كردەوەی زیاد بووە، ئەو ھێزە میلیشیایانەی لەوێشن، شارەزای ناوچەكە نین و مەترسیی پێكدادانی كۆمەڵایەتی ھەیە، بۆیە پێش ئەوەی گرفت لە نێوان پێكھاتەكاندا دروست ببێت، گرنگە رێككەوتن بكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار