٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە پڕۆژەکانی سنووری پارێزگاکە دەکۆڵێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چەند ڕۆژێکە لیژنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر خەریکی بەدواداچوونن بۆ ئەو پڕۆژانەی لەلایەن یەکە کارگێڕییەکانی سنووری ھەولێر بۆ جێبەجێکردن پێشنیار کراون و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، پێویستە پڕۆژەکان وەک خۆیان بە شەفافی جێبەجێ بکرێن و کام پڕۆژەش زۆر پێویستە بخرێتە ڕیزی پێشەوەی پڕۆژەکان.

خانزاد مام وسوو، جێگری لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ساڵێکە بەھۆی بڕینی بەشەبوودجەی ھەرێمی کوردستان و نەبوونی پشکی پارێزگاکان ھیچ پڕۆژەیەک بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە و بەھۆی پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی عێراق و ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتیشی: "بوودجەی پارێزگاش دێتە بەردەستی ئەنجومەنی پارێزگا، وەکوو چۆن بوودجەی گشتی دەچێتە پەرلەمان، لەبەر ئەوە چەند ڕۆژێکە ئێمە وەک لیژنەکانی پەیوەندار لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر سەردانی قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی پڕۆژەی گرینگ بۆ جێبەجێکردن دانراون."

خانزاد مام وسوو ڕوونی کردەوە: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان لیستی پڕۆژە پێشنیارکراوەکان دەبینین بۆ ئەوەی ئاگاداری وردەکاریی جێبەجێکردنیان بین وەک ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر و ھەر پڕۆژەیەکی زۆر پێویست بێت بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان، دەبێ ئەو جێبەجێ بکرێت و بەردەوامیش دەبین لە چاودێریکردنی پڕۆژەکان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار