گوڵاڵە سدیق: بوونى سیستمێکى بانکیى پێشکه‌وتوو گرنگه بۆ ڕووبەڕووبوونەوە‌ى گه‌نده‌ڵى

ھەولێر-KDP. info- شاره‌زایه‌کى بانکى ده‌ڵێت، پێشکه‌وتنى هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و ده‌وڵەتێک له ڕووى ئابوورییه‌وه په‌یوه‌سته به بوونى سیستمێکى بانکیى پێشکه‌وتوو. دەشڵێت، تا ئێستا له هه‌رێمى کوردستان په‌یڕه‌وى له دوو سیستمى ئابوورىی جیاواز ده‌کرێت و بۆ ئەوەی ڕێگرى له گه‌نده‌ڵى و به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى و ڕێکخستنى داهاته‌کان بکرێت، ده‌بێ هه‌رچى زووه کار بۆ بنیادنانى ئه‌م سیستمه بانکییه پێشکه‌وتووە بکرێت.
گوڵاڵە سدیق، شاره‌زاى بانکى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "بوونى سیستمێکى بانکیى پێشکه‌وتوو و به‌ستنه‌وی بانکەکان به یه‌که‌وه له هه‌رێمى کوردستان گرنگ و پێویسته بۆ ڕووبەڕووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و شه‌فافییه‌ت له داهات و خه‌رجییه‌کان، چونکه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت ڕووبەڕووى هه‌ر به‌هه‌دەردانێک بیته‌وه که له داهاتى گشتى ڕوو ده‌دات، ئێستا له زۆربه‌ى وڵاتانى ناوچه‌که و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست کار به‌م سیستمه بانکییه ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده پێشتریش له سه‌رده‌مى کابینه‌کانى پێشوو، حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌م پرۆژه‌یەی ته‌رح کردووە، به‌ڵام تا ئێستا نه‌که‌وتووەته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌مه‌ش بێگومان په‌یوه‌ندیى به‌وه هه‌یه که تا ئێستاش ئێمه خاوه‌نى دو داراییى جیاوازین، تا ئێستاش ئه‌و نیه‌ته‌ى که هه‌یه بۆ ڕووبەڕووبوونەوە‌ى گه‌نده‌ڵى له ئاستى پێویستدا نه‌بووه".
گوتیشى: "بوونى سیستمێکى بانکیى پێشکه‌وتوو له هه‌رێمى کوردستان، وا ده‌کات متمانه‌ى هاووڵاتیش به بانکه‌کان دووباره دروستببێتەوە، بوونى ئه‌م متمانه‌یه زۆر گرنگه، ئه‌گه‌ر ئێمه نموونه‌ى وڵاتێکى وه‌ک ئوردن لە بەرچاو بگرین که هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کى سرووشتیى نییه و بوودجه‌ى وڵاته‌که له‌سه‌ر ئه‌ساسى بانکه، ئه‌و پاره‌یەی که هاووڵاتییه‌کى ئوردنى هه‌یه‌تى ده‌چێت له بانک دایده‌نێت که ئه‌مه‌ش له دوو سه‌ره‌وه قه‌زانجه، هه‌م بۆ ده‌وڵەته‌که و هه‌م بۆ خودى هاووڵاتییه‌که، چونکه حکوومه‌ت دێت به پاره‌که وه‌به‌رهێنان ده‌کات و ده‌یکا‌ته پرۆژه و دواجاریش هاووڵاتییه‌که له سوودى بانکه‌که قازانج ده‌کات".
ئه‌و شاره‌زا بانکییه ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "پێویسته حکوومه‌تى هه‌رێم هه‌رچى زووه کار بۆ بنیادنانى سیستمێکى بانکیی ڕێکوپێک بکات، هیچ نه‌بێت هاوشێوه‌ى ئه‌و سیستمه‌ى که له زۆر وڵاتى ناوچه‌که په‌یڕه‌وىی لێ ده‌کرێت، هیودارم له‌م کابینەیە‌ش نه‌بێت له کابینه‌کانى داهاتوو ئیشى له‌سه‌ر بکرێت و ئیتر شتێک نه‌مێنێت به ناوى پاره‌ى کاش".
ئەرسەلان ئەحمەد




