"یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار دەکرێتەوە"

هەولێر -KDP.info- بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکوومەت نەیتوانی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکات و ئێستا پەرلەمانی کوردستان خەریکی ھەموارکردنەوەی یاساکەیە. ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، گۆڕانکاریی بەرچاو لە یاسای بەخاوەنکردنی زەویی زێدەڕۆدا کراوە.
نەجات شەعبان، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠١٩ تایبەت بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری ئەو شارەوانییانەی زێدەڕۆیان لەسەر کراوە، ھەموار دەکرێتەوە و پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسا پێشنیارکراوەکە کردووە و لە ماوەکانی داھاتوودا خوێندنی دووەمی بۆ دەکرێت، ئەم جارە گۆڕانکاریی بەرچاو لە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کراوە و ھەموو ئەو خانووانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندان، ئەوانەی لەلایەن دەستەی وەبەرھێنان، یان ھەر دەزگایەکی دیکەی حکوومەتەوە مۆڵەتیان پێ درابێت و زیادەڕۆیی کرابێت تاپۆکردن نایانگرێتەوە، گۆڕانکاری بەسەر کاتی دروستکردنی خانووەکانیشدا ھاتووە، بەپێی ھەمواری نوێ ھەر خانوویەک ھەتا ٣١/١٢/٢٠٢٠ دروست کرابێت، تاپۆ دەیگرێتەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانییەکان دەشڵێت؛ "ئەو ھاووڵاتییانەی بە زێدەڕۆ خانوویان دروست کردووە، بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووەکەیان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکات. لەبارەی نرخی تاپۆکردنیش گۆڕانکاری بەرچاو بەسەر نرخەکەدا ھاتووە، بۆ نموونە ئەگەر ئەو زەوییەی زێدەڕۆیی لەسەر کراوە پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە جیا نەکرابێتەوە، نرخی تاپۆکردنیان جیاواز دەبێت."
شەعبان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەو ناوچانەی نەخشە و دیزاینی ئامادەکراویان نییە، حکوومەت لە ماوەیەکدا کە لە ڕۆژی دەرچوونی یاساکەوە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات، نەخشە و دیزاین ئامادە دەکات و ھەرکەسێک دەتوانێت لە تاپۆکردنی یەک پارچە زەویی زێدەڕۆ سوودمەند بێت، نەک زیاتر."
قائید میرۆ




