٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: ئەوانەی باسی نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەکەن، خۆیان پڕۆژەی سیاسییان ھەیە نەک میدیایی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی، لە ھەرێمی کوردستان کاری ڕۆژنەمەگەری ھەنگاوی باشی ناوە لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام کاتی پێداچوونەوە و ھەڵوەستەکردن لەسەری ھاتووە و بڕیارە لە داھاتوو پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، بەتایبەت ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان و ئەکاونتەکان. گوتیشی، ئەوانەی ڕەخنە لە نەبوونی ئازادی دەگرن، ئەوانە خاوەن پڕۆژەی سیاسین، نەک میدیایی و، زۆرێکیش بە ناوی ڕۆژنامەنووسییەوە ئەجێندای دیکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە لە داھاتوو پێداچوونەوە بە ڕۆژنامەنووسانیش دەکرێت، چونکە ئێمە شەش ھەزار ڕۆژنامەنووسمان ھەیە و ھەمووی کارا نین.

حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین لە یادی ١٠٣ ساڵەی دامەزرانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ٢٣ ساڵەی دامەزرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستاندا. دروشمی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، دەستەبەرکردنی ماف و خۆشگوزەرانیی ڕۆژنامەنووسانە، ئەمە بووەتە یەکێک لە خاڵەکانی باسی ئێمە کە چی پێویستە بۆ ڕۆژنامەونووسان بکرێت و لە ماوەی ڕابردوو کەڵکی باش لە کاری ڕۆژنامەنووسی وەرگیراوە و ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە دەربارەی یاسای ڕۆژنامەگەری لە دوای ٢٠٠٧ تا ئێستا ھەڵوەستە بکەین، میدیا لە کوردستان پێویستی بە ڕیفۆرم و پێداچوونەوە ھەیە، بەتایبەت لە سۆشیالمیدیا و میدیای ئەلکترۆنی کە لەو پرسانەن وا پێوەندییان بە ئاشتەوایی نیشتمانی و ئیتیکێتی ڕۆژنامەوانی و بەرژوەندیی باڵای کوردستانەوە ھەیە، ئێمە لە داھاتودا پڕۆژەمان ھەیە بۆ دروستکردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی میدیا و چارەسەرکردنی سۆشیالمیدیا و خانەنشینیی ڕۆژنامەنووسان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەرییش لە ھەرێمی کوردستان."

حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی: "لەوانەی باس لە نەبوونی ئازادیی ڕادەبرین دەکەن لە بواری ڕۆژنامەوانیدا، ئێمە پرسیاری ئەوە دەکەین ئەو ماڵپەڕ و ئەکاونتانەی کار دەکەن لە بواری ڕۆژنامەنووسی بەپێی فتوای ئەنجومەنی شوورا پێویستە لە سەندیکا خۆیان تۆمار بکەن، تا ئێستا ئەوان خۆیان تۆمار نەکردووە، بۆیە نیشانەی پرساریان لەسەرە کە ئەوانە لە کوێ پشتگیریی دارایییان دەکرێت، بۆیە تۆمارنەکردنیان خۆی پرسیارێکە و ئەوانە پڕۆژەی سیاسین و پڕۆژەی میدیایی نین و، بەداخەوە ھەڵمەتێک ھەیە کە خەڵکێک دەکرێنە ڕۆژنامەنووس کە ڕۆنامەنووس نین و خەڵکێکیش زۆر ھەوڵی داوە کاری ڕۆژنامەنووسی بۆ ئەجێندای خۆی بەکار بێنێت، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکان بە شێوەیەکی گشتگیر و چیی تر موزایەدە لەسەر حیسابی میدیا نەکرێت."

حەمەدەمین باسی لەوەش کرد: ''لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە٨٠٠ ڕۆژنامە و گۆڤار لە سەندیکا تۆمار کراون و زیاتر لە ھەزار ماڵپەڕی ئەلکترۆنی ھەیە و سەدان ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ھەیە. دیارە ژمارەیان زۆرە و ئەمە سرووشتی نییە و بێسەروبەری ھەیە و پێویستە ڕێک بخرێت و ئێمە شەشھەزار ئەنداممان ھەیە کە بەشێکیان ئێستا کاری ڕۆژنامەنووسی ناکەن و گرێبەستیان تەواو بووە و لە کۆنگرەی داھاتوو ھەڵاوێرد بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکەین، ئەوەی بەفیعلی نەبێت ڕێگەی پێ نادەین و مەرجی بوونی ڕۆژنامەنووسیش بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری دەبێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار