پهیامى دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی له یادى ڕۆژی ڕۆژنامهگهریى كوردیدا

ھەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(١٢٣)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی، پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەوانان و میدیاكاران دەكات و پشتیوانی خۆی بۆ رەخساندن و فەراهەمكردنی بواری ئازادی رادەربرین و چاپ و بڵاوكردنەوە بەگوێرەی بنەما و رێنمایی و رێسا و یاسا گونجاوەكان دووپات دەكاتهوه.
دەقی پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(١٢٣)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی
دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی(كوردستان) لە ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨، لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرە بە وەرچەرخانێكی گرنگ و كاریگەر دادەنرێ لە مێژووی رۆشنبیریی و كولتووری گەلەكەمان، کوردستان بوو بە سەنگەری خەباتی بیری و رۆشنبیریی بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان.
ئەو رووداوە بایەخدارە هەوێنی بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی رەوتی رۆژنامەگەری كوردی بوو، لەلایەكی دیكەوەش جۆشدەری هوشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیر و هزری ئازادیخوازیی و رزگاریخوازیی بوو، هەر بۆیەش رۆژنامەی(كوردستان) لەڕووی بیری سیاسیی كوردیی رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كە گوزارشتی لە گەلێكی خۆراگر و بەشخوراو دەكرد.
رۆژنامەی (كوردستان) دەسكەوتێكی مەزنی رۆژنامەگەریی كوردیی بوو وەك هاندەرێكیش وابوو بۆ زیاتر برەودان بە بوارەكانی دیكەی سیاسی و رۆشنبیریی و كوولتوری، هەروەها هێز و گوڕێكی تازەیشی بەخشیە پانتاییە رۆشنبیرییەكان، كە پاشان بووە هۆكارێكی سەرەكی سەرهەڵدان و گەشەكردنی بنەما پیشەیی و ئەكادیمییەكان.
رۆژنامەگەریی كوردیی لە هەر قۆناغ و سەردەمێكدا رۆڵی كاریگەری خۆی بینیوە وەك ئامرازێكی زیندوو و گرنگی پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەییمان، هەروەها خاوەن پەیامێكی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتیمانیش بووە، بۆیە رۆژنامەگەریی بە هێزێكی كاریگەر و داكۆكیكارێكی سەرسەختی دۆزە رەواكەی گەلەكەمان و كوولتوورە رەسەنەكەی دەژمێردرێ.
ئەمڕۆ لە سایەی قەوارەی شەرعی و یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان زەوینەیەكی بەرفراوانی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی رەخساوە لەرووی چاپەمەنیی و بڵاوكردنەوە، كە مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوەی سیاسی و رۆژنامەنووس و میدیاكاران، هەروەها بەدەیان و سەدان دامودەزگای میدیایی بینراو و بیسترا و خوێندراو و ئەلكترۆنی هەن رۆژانە و ئازادانە كاروباری خۆیان ئەنجام دەدەن.
پرۆسەی كاری میدیایی و راگەیاندن ئەمڕۆ بە گشتی لە ئاستێكدایە لەرووی چۆنیەتی و چەندایەتیەوە زۆر بەرەو پێشچووە، جگە لە هۆكارەكانی دیكەی بواری تەكنەلۆجیای پەیوەندیكردن و پێگە و كەناڵە ئەلكترۆنییەكان و سۆشیال میدیا، بەمەش كاریگەری راستەوخۆی بۆ سەر ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەیە، بۆیە و بەو بۆنەیەوەش ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە جەخت لەسەر رۆڵ و ئەركی بەرپرسانە و دڵسۆزانەی سەرجەم دامودەزگاکانی راگەیاندن و میدیاكاران دەكەینەوە، كە بەرژەوەندی گشتی و ئامانجە باڵا و هەرەلەپێشەكانی گەلەكەمان لەبەرچاو بگرن و بە گیان و تێگەیشتنێكی هاوبەش كاربكەن بۆ پتەوكردنی هەست و نەست و هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیماپەروەریی و هاوبەندیی كۆمەڵایەتی و یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی سیاسی و تەبایی پێكهاتە ئایینی و ئیتنییەكان و بەرگریكردن لە مافی رەوای لەمێژینەی گەلەكەمان.
لەبیرەوەری(123)ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەوانان و میدیاكاران دەكەین، هەروەها هەمدیسان پشتیوانی خۆمان بۆ رەخساندن و فەراهەمكردنی بواری ئازادی رادەربرین و چاپ و بڵاوكردنەوە بەگوێرەی بنەما و رێنمایی و رێسا و یاسا گونجاوەكان دووپات دەكەینەوە.
لەو یادە پیرۆزەدا..سڵاو و رێز بۆ بەدرخانییەكان و سەرجەم ماندوونەناس و تێكۆشەرانی رێگای سەرسەختی رۆژنامەگەریی كوردیمان..
هەر بەرز و شەكاوە بێت ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیی و رۆژنامەی دایك(كوردستان)..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٢ـی نیسانی ٢٠٢١




