مامۆستایه‌کى زانکۆ: بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کوشتن پێویستیمان بە شۆڕشێکى فکرى هه‌یه

سلێمانی-PDK.info- مامۆستایه‌کى زانکۆی سلێمانى زیادبوونى حاڵەته‌کانى کوشتن و خۆکوشتنى ئافره‌تان له ئێستاى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستاندا به کاره‌سات ناو ده‌بات و ده‌ڵێت، نه‌بوونى ئابووریى سه‌ربه‌خۆ و عه‌قڵیه‌تى پیاوسالارى لە په‌روه‌رده‌ى خێزانی‌دا له گرنگترین ئه‌و هۆکارانه‌ن که وا ده‌کات ئافره‌تێک په‌نا به‌رێته بەر خۆکوشتن. ده‌شڵێت، پێویسته ئافره‌تان له ڕێگه‌ى هۆشیارى و ڕاگه‌یاندنه‌کانەوه به مافه‌کانیان ئاشنا بکرێن بۆ ئه‌وه‌ى له هیچ شوێنکدا توندوتیژییان به‌رانبه‌ر نه‌کرێت.
لانه حافز، مامۆستاى زانکۆى سلێمانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "به‌داخه‌وه لە کاتێکدا له سه‌ده‌ى ٢١داین، هێشتا هه‌واڵى کوشتن و خۆکوشتنى ئافره‌تان ڕۆژانه مانشێتى به‌شێکى زۆرى ده‌زگا و بڵاوکراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌کانن له هه‌رێمى کوردستان، حاڵەته‌کانى کوشتن و خۆکوشتنى ئافره‌تان له کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستاندا هه‌روا بابه‌تێکى ساده نییه، ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات کاره‌ساته و پێویسته ڕێگه‌ى لێ بگیرێت، پێویسته ئه‌و هۆکارانه ده‌ستنیشان بکرێن که وا له ئافره‌تێک ده‌کەن په‌نا به‌رێته به‌ر خۆکوشتن، چونکه کوشتن و خۆکوشتن کرده‌یه‌کى کت‌وپڕ نییه، به‌ڵکوو پرۆسێسێکه پێشتر به چه‌ندین قۆناغى جۆراوجۆردا تێ ده‌په‌ڕێت و دواجار وا ده‌کات ئافره‌تێک بگاته ئه‌و قه‌ناعه‌ت و بیر و باوه‌ڕه‌ى که ته‌نها چاره‌سه‌رێک له به‌رده‌م ژیانى ئه‌ودا مابێته‌وه خۆکوشتنیه‌تى. به بڕواى من هۆکارى سه‌ره‌کى و پله یه‌ک بۆ ئه‌مه ئه‌و جیاکارییه ڕه‌گه‌زییەیە که هەر له منداڵییه‌وه خێزانه‌کانى ئێمه له بیر و هزى کچه‌کانماندا ده‌یچێنن به‌وه‌ى به ناوى ئافره‌ت و کچبوونه‌وه ئازادییه‌کانى له چوارچێوه‌ى خێزانه‌کاندا سنووردار ده‌کەن بۆ ئەوەی هه‌میشه له به‌رانبه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رانبه‌ردا که کوڕه، خۆى به لاوازتر ببینێت و نه‌توانێت گوزارشت له‌و خواست و مافه بکات که هه‌یه‌تى له کۆمه‌ڵگه‌که‌یدا و، پێى وابێ مادام مێینه‌یه ده‌بێت ئازادییه‌کانى سنووردار بێت. به‌ده‌ر له‌وه‌ش، نه‌بوونى ئابووریى سه‌ربه‌خۆ و بێکاریى ئافره‌تان و دانیشتنیان له ماڵەوه کە جۆرێکه له جۆره‌کانى توندوتیژى، وا ده‌کات ئافره‌ته‌که بکه‌وێته‌وه حاڵەتێکى ده‌روونیى خراپ و تواناکانى خه‌فه بکرێت".
گوتیشى: "بۆ که‌مکرنه‌وه‌ى حاڵەته‌کانى توندوتیژى و دیارده‌ى خۆکوشتنن دەبێ ده‌ستکاریى بیرکردنه‌وه‌ى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵکه بکرێت، ئه‌مه‌ش پێویستى به شۆڕشێکى فکرى هه‌یه له چوارچێوه‌ى کایه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیى وه‌ک خێزان تا ده‌گاته په‌روه‌رده و ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کانى ئێمه، له‌سه‌ر خۆشیانه ئافرەتان که بزانن توندوتیژى چییه، مافه‌کانیان چین، چۆن ڕووبه‌ڕووى ئه‌و فشاره ده‌رونییه ببنه‌وه که بۆیان دروست ده‌بێت، له‌مه‌شدا ڕۆڵى ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئافره‌تان و خوشکان و ژنان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ى قه‌زیه‌ى ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگه‌دا بکرێته بابه‌تێکى جددى".
ده‌شڵێت: "ئێستا خۆشبه‌ختانه له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان خه‌مى ئافره‌ت و مافه‌کانى بووه‌ته بابه‌تێکى گرنگ و به‌راورد به ڕابردوو. لێدوانه‌کانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى به‌ڕێز سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌رخه‌رى ئه‌م په‌رۆشییەیە بۆ قه‌زیه‌ی ئافره‌ت. به‌ده‌ر له‌وه‌ش، ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌شداریکرنى ئافره‌تان له ناوه‌نده حوکمى و حزبییه‌کان بکەین، به‌شدارییه‌کى فعلیه و ئه‌مه‌ش بۆ خۆى ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن خودى ئافره‌تانه‌وه به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى هه‌یانه کارى له‌سه‌ر بکرێت ده‌توانێت له ئاسته جیاجیاکاندا خزمه‌تێکى گه‌وره به ئافره‌ت و مافه‌کانى له کۆمه‌ڵگەدا بکات".
ئەرسەلان ئەحمەد




